بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر
ئیمارات پەیوەندییە ئابوورییەكانی لە هەرێم بەرفراوانتر دەكات
964+
محەمەد فاتیح
وەزارەتی كارەبای هەریمی كوردستان دەڵێت، هەڵسوڕێنەری کونسوڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەولێر، پڕۆژەی رووناکی بەرز دەنرخێنێت و کاريش بۆ زیادکردنی پڕۆژەی نوێی وزە دەکەن لە هەرێمی كوردستاندا.
شەیخە بەشیر فەرحان، هەڵسوڕێنەری کونسوڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەولێر دەڵێت، پڕۆژەی رووناکی (كارەبای 24 كاتژمێری)، وەرچەرخانێکی گرنگه لە بواری خزمەتگوزاريی و ئابووری لە هەرێمی کوردستاندا و بە نیازی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیانن لەگەڵ هەرێم، بە تایبەتی لە بواری بەرهەمهێنانی كارەبادا.
وەزارەتی كارەبای هەریمی كوردستان بڵاویكردەوە:
“کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان (بە وەکالەت)، پێشوازیی لە شەیخە بەشیر فەرحان، هەڵسوڕێنەری کونسوڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەولێر کرد و ئەویش ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پیشان دا، بۆ ئەمەش کار بۆ زیادکردنی پڕۆژەی نوێی وزە دەکەن، بەتایبەتی لە بواری بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆردا”.
پڕۆژەی رووناكی، پڕۆژەیەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ دابینكردنی كارەبای بەردەوام و 24 سەعاتی بۆ هاوڵاتیانی كوردستان، بە قسەی بەرپرسانی حكومەتی هەرێم، تا ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن هاوڵاتی لە پڕۆژەكە سوودمەند بوون.