دەبێت سنوورێک بۆ گروپەکان دابنرێت

وەزیرى ناوخۆ: بێدەنگ نابین لە هێرشە درۆنییەکان

964+

وریا فەتاح

وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان رایدەگەیەنێت؛ تاسەر هەرێمى کوردستان بێدەنگ نابێت لەو هێرشە درۆنیانەى دەکرێتەسەر هەرێم، دەشڵێت: دەبێت سنوورێک بۆ گروپەکان دابندرێن.

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای ئەمنی لە بەغداوە گەیشتە شاری هەولێر و لەلایەن رێبەر ئەحمەد وەزیرى ناوخۆى هەرێم، پێشوازیان لێکرا.

شاندەکە پێکهاتووە لە نوێنەرانی حەشدی شەعبی، دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی، بەڕێوەبەری هەواڵگریی دژەتیرۆر.

دواى کۆبوونەوەکەیان، رێبەر ئەحمەد وەزیرى ناوخۆى هەرێم و قاسم ئەعرەجى، کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى هاوبەشیان ئەنجامدا.

لێدوانەکانى رێبەر ئەحمەد لە کۆنگرەکەدا:

_ پێشوازیمان لەو لیژنە باڵایە کرد کە بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکانى سەر هەرێم و کێڵگە نەوتییەکان، هاتوون.

_ پێشتر چەندین لیژنە بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکان دروستکراون و گەیشتوونەتە دەرەنجامیش، بەڵام هیچ رێکارێک بەرامبەر ئەو گروپانە نەگیراوەتەبەر و سنوورێک بۆ ئەو گروپانە دانەنراوە.

_ هیوادارم لیژنەکەى ئەمجارە ئەنجامدەرانى پشت ئەم هێرشانە ئاشکرا بکات و رێکارى پێویستیان بەرامبەر بگرنەبەر.

_ هیوادارین چیتر هەرێمى کوردستان بە چاوى دوژمن سەیر نەکرێت.

_ هەبوونى قاسم ئەعرەجى لەو لیژنەیە دڵخۆشکەرە و هەموو هاوکارییەکى ئەو لیژنەیە دەکرێت بۆ ئەوەى لێکۆڵینەوەکانیان ئەنجامێکى هەبێت و سنوورێک بۆ ئەنجامدەرانى ئەو کردانە دابنرێن.

ئ_ ەو هێرشانە کاریگەرى زۆریان هەبووە، کۆمپانیا نەوتییەکان کشانەوە و تواناى بەرهەمهێنان تا ئاستێکى زۆر دابەزى.

_ بەهۆى ئەم هێرشانەوە نەتوانرا نەوت هەناردەى سۆمۆ بکرێت لە کاتى خۆیدا.

_ئەمڕۆ لیژنەکە کارەکانى دەستپێکردووە دواتر لیژنەیەکى هونەرى دروست دەکرێت بۆ ئەوەى لێکۆڵینەوە بکەن لە پاشماوەى درۆنەکان، تا وەڵامى ئەوە بدەنەوە کێن ئەو هێرشانەیان ئەنجامداوە و لە کوێوە هێرشەکانیان کردوون.

لێدوانەکانى قاسم ئەعرەجى لە کۆنگرەکەدا:

_ هێزى هەرێم هێز و پاڵپشتییە بۆ بەغدا و هەر شوێنێک بکرێتە ئامانج زیان بە بەرژەوەندییەکان و گەلى عیراق دەگەیەنێت.

_ سەرۆک وەزیران لیژنەى پێکهێناوە گفتوگۆمان لەسەر بەڵگەکان کردووە و دەمانەوێت تۆمەتبارەکان بگەیەنین بە دادگا.

_ لە لێکۆڵینەوەکان دەمانەوێت بزانین کە هێرشەکانى سەر کەرکوک و هەولێر لەلایەن یەک لایەن ئەنجام دەدرێن یان نا؟.