زیان بە كێبل و بۆری پڕۆژەكە كەوتووە
سووتانی بەشێک لە پڕۆژەی ئاوی سەرچەم چەند گەڕەکێکی دوکانی بێ ئاو دەکات
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
بەهۆی ئاگر كەوتنەوە لە پڕۆژەی ئاوی سەرچەم لە قەزای دوكان، چوار گەڕەكی قەزاكە بێ ئاو بوون و بەڕێوەبەری ئاوی دوكانیش دەڵێت، تیمەكانی چاكسازی ئاوی دوكان سەرقاڵی چاككردنەوەی زیانەكانی پڕۆژەكەن.
لەبارەی سووتانی بەشێك لە پڕۆژەی ئاوی سەرچەم، مەحمود محەمەد بەڕێوەبەری ئاوی دوكان بە 964ـی وت، بەهۆی ئاگرەكەی دوێنێی قەزای دوكان، بەشێك لە كێبڵ و بۆری پڕۆژەی ئاوی سەرچەم سووتاوە و ئێستا دابینكردنی ئاو بۆ بەشێك لە گەڕەكەكانی قەزاكە وەستاوە.
وتیشی، ناتوانین ئێستا ئاو بگەیەنین بە هەریەك لە گەڕەكەكانی سارتكە، ناو بازاڕ “دوکانی خوارەوە”، سەرچەم و فەرمانبەران و تیمەكانمان لەهەوڵدان بۆ چاككردنەوەی ئەو بەشەی كە لە پڕۆژەكە سووتاوە.
دەشڵێت، هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە نادیارە، بەڵام بەهۆی رەشەباكەی دوێنێوە ئاگرەكە تەشەنەی سەندووە و نەتوانراوە زوو كۆنتڕۆڵ بكرێت، زیانی بە پڕۆژەكە گەیاندووە و قەبارەی زیانەكەش دیار نییە.
بەڕێوەبەری ئاوی دوكان ئەوەشی خستەڕوو، تیمەكانی چاكسازی ئاوی دوكان، لەهەوڵدان هەرچی زووە كاری چاككردنەوەی پڕۆژەكە تەواو بكەن و ئاوی خواردنەوە بگەیەننەوە بەو گەڕەكانەی قەزاكە کە ئاویان بڕاوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر