لە چەند پارێزگایەکیش سبەی کرایە پشوو
گەرما دەوامی دامودەزگاکانی لە خانەقین کەم کردەوە
964+
راژان باجەڵان – خانەقین
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە چەند پارێزگایەکی عێراق بۆ سبەی کرایە پشوو و لە خانەقینیش دەوام کەم کرایەوە.
جەواد فەیزوڵا قایمقامی خانەقین بە 964ـی وت، “بە هەمان شێوەی تەواوی پارێزگای دیالە، لە خانەقینیش دەوامی فەرمانگەکان بۆ ئەم هەفتەیە لە کاتژمێر 8:30ـی بەیانی تا کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ دەبێت، بەهۆی بەرزبوونەوە پلەی گەرما و بۆ هەفتەکانی داهاتووش رەنگە بڕیاری تر هەبێت”.
پێشتر دەوامی دامودەزگا حکومییەکان لە خانەقین لە کاتژمێر 8:30ـی بەیانی بۆ 2:30 خولەکی پاشنیوەڕۆ بوو.
ئەوەش لەکاتێکدایە، هەر بەهۆی گەرماوە، سبەی لە چەند پارێزگایەکی عێراق وەک بەسڕە و زیقار و میسان و واست کراوەتە پشوو و لە چەند پارێزگایەکی دیکەش هاوشێوەی دیالە دەوام بۆ چەند کاتژمێرێک کەم کراوەتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری