لە قەزای سەیدسادق
یادی دێوانە کرایەوە؛ “دەرکەوت خۆشەویستەکەی ئامۆزای نەبووە”
964+
بڕوا مەجید – سەیدسادق
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 26.7.2025، لە هۆڵی بۆنەکانی قەزای سەیدسادق، کۆڕێکی توێژینەوە لەسەر بەرهەمە شعرییەکان و ژیانی شاعیری کورد وەلی دێوانە بەڕێوەچوو، مامۆستایەکەی ئەدەبی کوردی دەڵێ، هیچ سەرچاوەیەک نەیسەلماندووە وەلی دێوانە و شەم ئامۆزا بووبن.
وەلی دێوانە یەکێکە لەناوە باڵاکانی ناو ئەدەبییاتی کوردی، بێگومان ژیانی ئەم شاعیرە پڕە لەچیرۆکی جیاواز کەدیارترینیان چیرۆکی خۆشەویستی خۆی و شەم بووە.
عەدنان قادر، مامۆستای ئەدەبی کوردی و خاوەنی توێژنەوە لەسەر وەلی دێوانە بە 964ی وت، وەلی دێوانە یەکێکە لەشاعیرە و ئەدەبیانە گەورەکان، چەندجار بیر و جیاواز لەبارەی وەلی دێوانە خراونەتەڕوو، گوایە سێبەری شاعیرانی تربووە، بەهیچ شێوەیەک وانیە و خاوەنی بەرهەم و شعری تایبەت بەخۆیەتی.
ئەو مامۆستایە وت، بەپێی سەرچاوەکانی ئێمە لە توێژینەوەکاندا بۆمان دەرکەوتووە، رۆژی لەدایکبوون و کۆچی دوایی وەلی دێوانە راستنین کە دانراوە، ئەوەی ئێمە پێیگەیشتووین، لە شعری شاعیرانی تر دەقی نوسیینی کەسایەتییەکانی تر دەرکەوتووە وەل دێوانە، لە نێوان ساڵانی 1750 بۆ 1810 ژیاوە.
دیکۆمێنتەکان باس لەوە دەکەن، وەلی دێوانە لە ناوچەی بەکراوا لە هەڵەبجە لە دایکبووە، لەسەیدسادق کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی قەزاکەش بەخاکسپێردراوە، وەلی دێوانە ئاشقی کچێک بووە بەناوی شەم چەندین جار هەوڵی داوە، بەڵام پێی نەگەشتووە، ئەو مامۆستایە وتی، ئەوەی دەوترێت ئامۆزای بووە، شەم ئامۆزای وەلی نەبووە و هیچ سەرچاوەیەک نەیسەلماندووە.
سەرەتای چیرۆکی خۆشەویستی وەلی و شەم دەگەڕێتەوە بۆ فێربوون و خوێندنیان بە یەکەوە کە وادەکات بکەونە خۆشەویستییەوە، وەلی شەیدای شەم دەبێ و پەیمانی خۆشەویستی دەبەستن، بنەماڵەی وەلی دەچن بۆ خوازبێنی شەم، بەڵام بڕیار دەدرێت تا لە بنەماڵەی شەم لە کوێستان دەگەڕێنەوە هاوسەرگیری نەکەن
لە کاتی کۆچی ھاوینەی جاف بەرەو کوێستانەکان، ناکۆکی لە نێوان بنەماڵەی شاعیر و بنەماڵەی خۆشەویستەکەی روودەدات بەھۆی ئەو ناکۆکییەوە، وەلی و شەم بەیەک ناگەن و لە یەکتری دادەبڕێن و یەکتری نابیننەوە.
ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی وەلی دێوانە لەرێگای پێنووسەکەیەوە چیرۆکی خۆی و شەمس لەرێگای بەکارهێنانی ناوی شەم وەک حەسرەتێکی قوڵ بکاتە شیعر و دایبڕێژێت، بۆیە دەڵێت:
وادەی من و تۆ دیوانی خوا بێ
مەگەر ئەو ڕۆژە دادم ڕەوا بێ
شەمی شەم ڕوومەت تۆ بەسەلامەت
سکاڵای دڵم کەوتە قییامەت
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا