دیمەنی گردبوونەوەی فەرمانبەرانی گرێبەست _ وێنە: ئەرشیف
خەمی دیکەشیان هەیە
ژمارەیەک فەرمانبەری گرێبەست: مۆڵەتی خوێندنمان دەوێ
964+
ئەحمەد مستەفا
فەرمانبەرانی گرێبەست لەپەیامێکدا دەڵێن، لە مافی پلە بەرزكردنەوە، شاند، وەرگرتنی سەرە موچە، وەرگرتنی زەوی و وەرگرتنی مۆڵەتی خوێندن زۆر شتی تر بێبەش كراون.
پەیامەکەیان ئاڕاستەی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کردووە.
ئەمرۆ شەممە 26.7.2024 ئەو فەرمانبەرانە دەڵێن، فەرمانبەرانی گرێبەست لە مافی پلە بەرزكردنەوە، شاند، وەرگرتنی سەرە موچە، وەرگرتنی زەوی و وەرگرتنی مۆڵەتی خوێندن زۆر شتی تر بێبەش كراون، بەڵام دەكرێت بە بڕیارێك لە بەرژەوەندی ئەو فەرمانبەرانە بدرێت و هەست بکەن كە هاوشێوەی فەرمانبەرانی تر سەیر دەکرێن.
فەرمانبەر هەیە بڕوانامەی دبلۆم و بەكالۆریۆسی هەیە، بەڵام بە بڕوانامەی بە كالۆریۆس كراوە بە گرێبەست، فەرمانبەری دیکەش ماستەری هەیە، بەڵام هەر بە بڕوانامەی بە كالۆریۆس كراوەتە گرێبەست، ئەوەش بە گوێرەی ئەو پەیامەی 964 بینوویەتی.
ئەوان باسیان لەوەکردووە، بۆیە بە پێدانی مۆڵەت بۆ خوێندن لە داهاتوودا، بە یەك بڕیار دەتوانرێت ئەو كێشەیەش بە تەواوەتی چارەسەربكرێت.
ئەو فەرمانبەرانە داوای ئەوەشیان کردوە، دەكرێت بڕیارێك دەربكەن كە فەرمانبەری گرێبەست بۆ درێژەدان بە خوێندن و بەرزكردنەوەی بڕوانامەكەی، مۆڵەتی پێ بدرێت ئەگەر بە نیوە موچەش بێت كێشەیان نابێت.
بەپێی داتاکانی نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست، ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست 28 هەزار فەرمانبەر دەبێت، لەو ژمارەیە نزیکەی 14 هەزاریان لەسەر میلاکی وەزارەتی شارەوانین. جگە لەوەش دوو هەزار فەرمانبەری گرێبەستی دیکە هەن کە گرێبەستی رۆژانەیان پێدەوترێت.
موچەی فەرمانبەرانی گرێبەست لەنێوان 300 بۆ 700 هەزار دینارە، پێشتر وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رێنمایی هەبوو هەر فەرمانبەرێکی گرێبەست خاوەنی سێ ساڵ خزمەت بێت، دوای ئەو ماوەیە دەبێتە فەرمانبەری هەمیشەیی.