رێگا کرایەوە و قەپان لادەبرێ
بارهەڵگرەکانی دەروازەی کێلێ مانگرتنیان شکاند
964+
محەمەد عەلی ـ پشدەر
چوار رۆژبوو شوفێرانی دەروازەی کێلێ لە پشدەر، بەهۆی تەواونەکردنی رێگای هاتوچۆیان و بوونی قەپانکردنی بارەکانیان لە سنووری ئێران، نیگەران بوون و نەدەچوون بۆ دەروازەکە و مانیان گرتبوو.
ئەم پاش نیوەڕۆیەی رۆژی شەممە 26.7.2025، رێگا تازەکەیان بۆ کرایەوە و گرفتی قەپانکردنەکەشیان بۆ چارەسەرکرا، دواتر جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازەکە دەستی پێکردەوە.
عەلی حەسەن، شوفێری بارهەڵگرە لە دەروازەی کێلێ بە 964ـی وت، بەهۆی نۆژەن کردنەوەی رێگای سەرەکی بە گوندی کانیلاندن هاتوچۆمان دەکرد رێگایەکە زۆر ناخۆشە بوو، وە زیانی زۆری بە ئۆتۆمبێلەکانمان دەگەیاند، بڕیاربوو زووتر رێگایەکە تەواو بکرێت.
دوای ئەوەی چوار رۆژی رابردوو مانیان گرت، یەکەمیان بۆ تەواوکردنی رێگا تازەکە و دووەمیان لە سنوری ئێران قەپانێکیان دانا بوو هەموو جارێ بارەکانیان قەپان دەکردن و بڕی 10هەزاریشیان لێوەردەگرتین، ئەمڕۆ بەڕێوەبەری گومرگی کێلێ وتی، رێگاکەتان بۆ کراوەتەوە و قسەشمان کردووە لەگەڵ لایەنی ئێران قەپانەکە کاری پێ ناکەن.
دوای بڕیارەکە ئەوانیش مانگرتنیان شکاندووە. عەباس عەزیز، بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین بە 964ـی وت، داوایان کردووە، شۆفێرانی بارهەڵگری کێلێ بە بەتاڵی بەو رێگایەدا دەتوانن بچن بۆ دەروازەکە، بەباریشەوە بە رێگا کۆنەکە دێنەوە، تا رۆژی چوارشەممە لەبەر ئەوەی قیرەکە جارێ تازەیە، بۆئەوی تێک نەچێتەوە.
بە قسەی ئەو بەرپرسەی گومرگ، دوای گفتۆگۆ لەگەڵ لایەنی ئێران رەزامەند دراوە بە هەڵگرتنەوەی ئەو قەپانەی کە بارەکانی پێ قەپان کراوە و بڕی 10 هەزاری دیناریان لە شۆفێرەکان سەندووە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا