فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی عێراق. فۆتۆ: 964
چی روویدا؟
هێڵی ئاسمانیی عێراقی داوای لێبوردن دەكات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
هێڵی ئاسمانی عێراقی داوای لێبوردن لە سەرنشینەكانی دەكات بەهۆی دواکەوتنی گەشتی IA 102، کە سەرنشینی فڕۆکەی بۆینگ دریملاینەر (787-AY-ATD) بوون لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی قاهیرەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.
هێڵی ئاسمانیی عێراق لە راگەیاندراوێكدا ئەمڕۆ شەممە 27.6.2025 دەڵێن، ئەم دواکەوتنە بەهۆی تێکچوونی کارکردنی تەکنیکییەوە بوو، کە پێویستی بە وەستانی خۆپارێزی لە دەرەوەی خشتەی ئاسایی کارکردن هەبوو، ئەمەش بۆ پاراستنی بەرزترین ستانداردی سەلامەتی ئاسمانی و دڵنیابوون لە سەلامەتی سەرنشین و تیمی فڕۆکەوانی ئەنجامدرا.
هەروەها هاتووە، “بە پشتبەستن بە رێنماییەکانی وەزیری گواستنەوە دەستبەجێ تیمە تایبەتمەندەکانی ئەندازیاری و تەکنیکی دەستیان کرد بە ئەنجامدانی پشکنینی پێویست، خراپیی کارکردنی تەکنیکی بە تەواوی چارەسەر بوو، گەشتەکە ئەنجامدرا دوای دڵنیابوون لەوەی فڕۆکەکە بە تەواوی ئامادەیە بەپێی رێسا و ستانداردە نێودەوڵەتییە پەسەندکراوەکان”.