15 شوێنی تریش ئاگادار كرانەوە
ژمارەیەك هۆتێل و مۆڵ لە كەركوك داخران و دران بە دادگا
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
له شاری كەركوك، لیژنەی سەلامەتيی و پاراستن پێكهێنرا و ژمارەیەك مۆڵ و هۆتێلیان داخستوو خاوەنەكانیان رووبەڕووی دادگا كردەوە، بەهۆی پابەندنەبوونیان بە سەلامەتيی و پاراستنی گیانی هاوڵاتییان.
لەسەر راسپاردەی پارێزگاری کەرکوک و بەمەبەستی پاراستنی گیانی هاوڵاتیيان، لیژنەی سەلامەتيی و پاراستن لە ئاسایشی گەشت وگوزار و شارەوانی فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک و نوێنەری لیژنەی زیادەڕۆکان و بەرگری و شارستانی، بۆ چاودێریکردنى مۆڵ و چێشتخانە وهۆتێل وشوێنە گشتییەكان پێکهێنرا.
فەلاح یایچی، قایمقامی کەرکوک بە 964ـی وت، لەلایەن لیژنەكەوە و لەماوەی 24 كاتژمێردا پێنج شوێن بۆ ماوەی 15 رۆژ داخران، بەهۆی پابەندنەبوونيان بە رێنمايیەکانی سەلامەتيی و پاراستن، وەک نەبوونی ئاگرکوژینەوە و پەێژەی فریاکەوتن لە هۆتێل و باڵەخانەکان وچەند پێداویستییەکی دیکە.
“دوا مۆڵەتیش بە 15 شوێنی تر دراوە، كە دەبێت رێنمایيەکان لەماوەی هەفتەیەک دا جێبەجێبکەن، لەپێناو رێگریکردن لە کەوتنەوەی ئاگر و کردنەوەى رێڕەوی سەلامەتيی رزگارکردنی هاوڵاتیيان لەحاڵەتی نەخوازراودا”.
پێداچوونەوە: محەمەد فاتیح