هاوڵاتیەک لەبەر تیشکی خۆر و گەرمای بەتین دەستی وەک چەترێک بەکارهێناوە _ وێنە: INA
وا پێشبینی دەکرێ
شارەزایەکی کەشناسی: تا دووشەممە بەتینی گەرما بەردەوام دەبێ
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەو گەرما بەتینەی چەند رۆژێکە، رووی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، وا پێشبینی دەکرێ تاوەکو رۆژی دووشەممە 28.7.2025 بەردەوام بێ و دواتر روو لە لاوازی بکات.
بەڵام، گەرما هەر لە شارەکان دەمێنێ و پێشبینی دروستبوونی شێ و باران بارین دەکرێ.
پێشبینی دەکرێ، ئەم رۆژانە، بە تێکڕا لە هەولێرم پلەی گەرمی لەنێوان 47 بۆ 49 پلە بێت، سلێمانی لەنێوان 45 بۆ 46 پلە، دهۆک 46 بۆ 47 پلە، هەڵەبجە 45 بۆ 46 پلە، کەرکوک 48 بۆ 50 پلە، گەرمیان 49 بۆ 51 پلە، هەروەها ناوچە کوێستانییەکان، لە قەزای پێنجوێن 42 پلە، ناحیەی حاجی ئۆمەران 36 پلە.
ئەمڕۆ هەینی، 25.7.2025، پشتیوان پێنجوێنی شارەزای کەشناسی بە 964ی وت، بەهۆکاری بەرزی تیشکی سەروو بنەوشەیی کە پلەکەی 10 بۆ 12 پلەیە لە هەندێ کاتدا هەست بە گەرمای زیاتر دەکرێت، لە ناوچەی جیا جیا هەندێک بای باشوور چالاکی دەبێت 20 بۆ 40 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، بەپێی شوێن و کات گۆڕانکاری روودەدات.
بەپێی پێشبینییەکان، لە رۆژانی سەرەتای مانگی هەشت، شەپۆلێکی نوێی گەرمای بەهێز روودەکاتە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ دروسبوونی شێ، ئەگەری باران بارین هەیە لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوچەی جیا جیای هەرێمی کوردستان.