964 ئەوە ناکات
سەندیکا هاتەدەنگ؛ قەرەباڵغى مایکەکان کێشە بۆ وەرگر دروست دەکات
964+
وریا فەتاح
دیاردەیەک هەیە کە بەلاى خەڵکەوە بێزارکەرە، ئەویش بوونى لێشاوێک مایکە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکاندا، تەنانەت واى لێهاتووە زۆر جار دەمووچاوى ئەو کەسەى قسە دەکات دیارنییە و مایکەکان دایانپۆشیوە، بەڵام 964 لە بنەڕەتەوە لەگەڵ ئەوە نییە و لە هیچ کۆنگرەیەک مایک راناگرێت.
ئەم دیاردەیە، لقى سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی هێناوەتە دەنگ و لە پۆستێکدا رایگەیاندووە کە دیمەنی کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکان لە سلێمانی گەیشتووەتە قۆناغێک کە پێویستی بە چارەسەری بەپەلە هەیە.
دەشڵێت: روماڵکردنی کۆنفرانسەکان لە سلێمانی، گەیشتووەتە قۆناغێک دەبێت ئیتر یان پەنا بەرینە بەر گواستنەوە بە فریکوێنسی، یان کەناڵەکان دەستبەرداری دانانی مایک و لۆگۆ ببن.
964 وەک تۆڕێکى بەرفراوانى هەواڵى بۆ ئەوەى بەشێک نەبێت لەم دیاردەیە، لە هیچ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا مایک و لۆگۆی خۆی دانانێت، ئەمەش وەک پابەندبوونێک بە گەیاندنی ناوەڕۆکی پوخت و دوورکەوتنەوە لە نمایشکردن.