یەکەم گرێکوێرەی نێوان هەرێم و بەغدا کرایەوە

964+
فەهمی نەبی

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێ، ئەمڕۆ یەکشەممە 19.2.2023 شاندی هەرێم  لە بەغدا، لەگەڵ لایەنی عێراقی کۆبونەتەوە و پێکهاتوون لیژنەیەک دروستبکەن بۆ داڕشتنی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی.

بەگوێرەی هەواڵەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بێت، لە کۆبونەوەکە بڕیاردراوە لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ داڕشتنی یاسای نەوت و گاز.

سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەتۆڕی 964-ی وت “بەپێی نوسراوێکی محەمەد شیاع سودانی، دەبێت ئەو یاسایە تا کۆتایی ئەمساڵ بنوسرێتەوە، واتا دوا مۆڵەتی ئەو لیژنەیە بۆ داڕشتنی یاسای نەوت و گاز تا کۆتایی ئەمساڵە، بەبۆچوونی من شەش مانگی تر تەواو دەبێت”.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران ئەوەشی وت “یاسای نەوت و گازی ساڵی 1976 یاسایەکی ئیتیحادیە، بنەمای رێککەوتنەکە ئەوەیە دەبێت بەغدا فکری ئیتیحادی بگۆڕێت بۆ فکری فیدراڵی”.

پێکهێنانی ئەم لیژنەیە دوای ئەوە دێت 16 ساڵ لەمەوبەر، بەدیاریکراوی لەساڵی 2007 حکومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر رەشنوسی یاسای نەوت و گاز نەگەیشتنە رێککەوتن.

لەبارەی پشتبەستن بە رەشنوسی پڕۆژەکەی ساڵی 2007 سەباح سوبحی دەڵێت “بەهیچ جۆرێک رەشنوسی ساڵی 2007 ناکرێتە بنەمای داڕشتنەوەی ئەم یاسایە، پڕۆژەکە لەسەرەتاوە دادەڕێژرێتەوە”.

لەسەرەتای ئەمساڵەوە ئەوە دووەم کۆبونەوەی نێوان وەفدی هەرێم و بەغدایە، وەفدەکەی هەرێم بە سەرۆکایەتی ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.