یەک سایدی قیر کراوە
نۆ مانگە شەقامێکی دەربەندیخان لەبەینی شارەوانی و کۆمپانیایەک تیا ماوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ھەردوو سایدی دەروازەی قەزای دەربەندیخان لە دیوی کەلارەوە، نۆ مانگ پێش ئێستا تێکدرا بەمەبەستی نۆژەنکردنەوەی، کەچی تاوەکو ئێستا تەنھا سایدێکی شەقامەکە قیرتاو کراوە.
درێژی ھەر سایدێکی شەقامەکە نزیکەی 230 مەترە، لە رێکەوتی 30.9.2024 بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە تێکدرا.
زریان سابر، سەرۆکی شارەوانی قەزای دەربەندیخان بە 964ـی وت، “سەرەتا ئێمە شەقامەکەمان تێکدا و ویستمان نۆژەنی بکەینەوە، بەڵام دواتر پێیان وتین نۆژەنکردنەوەی ئەو شەقامە لەگەڵ چاککردنی رێگای کەلار بۆ دەربەندیخانە و کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە ئەو شەقامەی دەروازەی دەربەندیخانیش نۆژەندەکاتەوە”.
“ئێمەش بۆ ئەوەی لەخۆڕا پارەی تێدا خەرجنەکەین ئیشەکانمان راگرت، بەجێمانھێشت بۆ کۆمپانیاکە ئەوان دەستیان بە کارەکانی نۆژەنکردنەوەی شەقامەکە کرد،” زریان سابر وای وت.
ئێستا تەنھا یەک سایدی شەقامەکە بە ئاراستەی دەرچوون لە قەزای دەربەندیخان تەواو کراوە، نازانرێت کەی کۆمپانیاکە سایدەکەی تر تەواو دەکات، بەڵام دەستیانکردوە بە کارکردن لە سایدەکەی دیکەش.
سەبارەت بەو بابەتە 964 پەیوەندیکرد بە عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بێشکان کە جێبەجێکاری پڕۆژەکەیە، ئەو وتی، “چاککردنەوەی ئەو بەشەی شەقامەکە لەئەستۆی ئێمە نەبوو، شارەوانی کارەکەی پێنەکرا و ماوەیەکی زۆر ماتڵیان کرد، دواتر لەسەر داوای خەڵکی دەربەندیخان، ئیمە وەرمانگرت، بۆیە درەنگ کەوت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “چاوەڕێی گوڕانکارییەکین بۆمان بێتەوە کە ناردومانە بۆ وەزارەت، ئەگەر گۆڕانکارییەکە قبوڵ بکرێت، پردێکی مۆدێرن ھەر لەو جێگایە دروستدەکەین بۆ ژاڵەناو”.
پێداچوونەوە: هاوبەش