مۆلیدەی ئەهلی - social midia
18 ساڵە شار رووناک دەکەینەوە
خاوەن مۆلیدەکانى سلێمانى: ئێمە لاى خەڵک و حکومەت بێزراوین
964+
وریا فەتاح
نوێنەرى خاوەن مۆلیدەکانى سلێمانى رایدەگەیەنێت؛ خەریکە لەگەڵ لەدەستدانى ئیشەکانمان سەرمایەشمان لەدەست دەدەین، دەشڵێت: لاى خەڵک و حکومەت بێزراوین.
ئەمڕۆ سێشەممە، نوێنەرى خاوەن مۆلیدەکانى سلێمانى کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى ئەنجامدا و رایگەیاند: سەرجەم خاوەن مۆلیدەکانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هەردوو ئیدارەى گەرمیان و راپەڕین کۆبوونەوەمان ئەنجامداوە و گەیشتووین بەوەى کە لەبەر ئەوەى هیچ گرێبەستێکمان نییە لەدواى کارەباى 24 کاتژمێرى مۆلیدەکانمان کار پێنەکەین”.
وەک باسى دەکات، سەرەڕاى ئەوەى 18 ساڵە خزمەت دەکەن و شار رووناک دەکەنەوە، بەڵام خاوەن مۆلیدەکانى سلێمانى زەرەرمەندى سەرەکین لە کارەباى 24 کاتژمێرى.
نوێنەرى خاوەن مۆلیدەکان باسى لەوەکرد، لە ئیستادا 48%ـى مۆلیدەکانى سلێمانى لە سنوورى کارەباى 24 کاتژمێرین و 52%ـیش لە دەرەوەن و رۆژانە 17 کاتژمێر کارەبا بە هاوڵاتیان دەدەن.
کێشەى ئەو خاوەن مۆلیدانە ئەوەیە، دواى جێبەجێکردنى کارەباى 24 کاتژمێر مۆلیدەکانیان ئیلتیزام نەکراون بە پێدانى کارەبا لە کاتى کوژاندنەوەى کارەبا، هەروەها هیچ گرێبەستێکیان نییە لەگەڵ وەزارەتى کارەبا کە چۆن و بە چ شێوەیەک ئیش بکەن، تەنانەت وەک ئەوەى نوێنەرەکەیان باسى دەکات، بەشێک لەو مۆلیدانەى لە سنوورى کارەباى 24 کاتژمێرین ناتوانن پارەى پێشتریش لە هاوڵاتى کۆبکەنەوە، چونکە دەچنە بەردەرگاى هەر ماڵێک دەڵێن، “کارەباکەمان بووە بە 24 کاتژمێرى”.
ئەوان داوا دەکەن لە ئێستادا لانیکەم لە باج و رسومان ببەخشرێن و چاوەڕێش دەکەن تا ئەوکاتەى لەسەرەتاى مانگ جێگرى سەرۆکى حکومەت لە دەرەوەى وڵات دێتەوە بۆ ئەوەى لەگەڵى دابنیشن و کێشەکەیان چارەسەر بکەن، گرێبەستێک بکەن بۆ ئەوەى بزانن حەق و مافەکانیان لەناو کارەباى 24 کاتژمێرى چییە.
نوێنەرى خاوەن مۆلیدەکان بەوپەڕى نیگەرانییەوە وتى،”ئێمە 18 ساڵە کارەبا دەدەین و شار رووناک دەکەینەوە، کەچى لاى خەڵک و حکومەتیش بێزراوین”.