دەزگای ئاسایشی نیشتمانی
خۆیان وەک راوێژکاری سودانی ناساندووە
دوو کەس بە فێڵ 600 ملیۆن دیناریان لە هاوڵاتیانی ئێزدی وەرگرتووە
964+
ژووری هەواڵ
دوو کەس بە فێڵ خۆیان وەک راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عیراق ناساندووە و 600 ملیۆن دیناریان لە هاوڵاتیانی ئێزدی وەرگرتووە، لەسەر ئەوە دەستگیر کراون.
ئەمڕۆ سێشەممە 22.7.2025، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، دوو تۆمەتباریان لەکاتی وەرگرتنی پارە لە هاوڵاتیانی ئێزدی لە بەغدا دەستگیر کرد کە “خۆیان وەک راوێژکاری سەرۆکوەزیران ناساندووە.”
“ئەو تۆمەتبارانە بەڵگەنامەی ساختەیان بەکارهێناوە کە ناوی سەرۆکوەزیران و وەزارەتی بەرگریان لەسەر بووە بۆ دامەزراندنی [ساختە] لە هێزێکدا بەناوی حەشدی سەربازی کە ژمارەیان هەزار و 200 ئەندامە”، دەزگاکە وا دەڵێت.
تۆمەتبارەکان بڕی 500 هەزار دیناریان لە هەر هاووڵاتیەکی ئێزدی وەرگرتووە، کە دەکاتە 600 ملیۆن دینار بۆ هەزار و 200 کەس، کە گوایە ئەو پارەیان بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی دامەزراندن بووە.
“ژمارەیەک بەڵگەی تاوانکاری و بەڵگەنامەی ساختە دەستی بەسەردا گیراوە”، دەزگاکە وا دەڵێت.