دەستگیرکردنی ژمارەیەک تۆمەتبار لە هەولێر
هەولێر
باندێکی دزی و فرۆشیارانی دۆلاری لیبیایی دەستگیر کران
ئەرسەلان عەبدوڵا
پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، باندێكیان دەستگیركردووە، كە عەرەبی سوریان و خەریكی ئاڵوگۆڕی دراوی دۆلاری لیبیایی بوون و دزیشیان لە هاوڵاتییەک کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 20.7.2025 لە راگەیاندراوێكدا، كە ڤیدیۆیەكی بەڵگەییشی لەگەڵدایە، ئاشكرایان كرد، “دوای تۆمارکردنی سکاڵای هاوڵاتییەک لەسەر ئەوەی کەوا لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری هەولێر پارەی لێ دزراوە، دەستبەجێ دەستمان بە لێکۆڵینەوە کرد و بۆمان دەرکەوت، کە باندێکی چوار کەسی، کە بە نەتەوە عەرەبی سوریان، لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ریکلامیان دەکرد بە دراوی لیبیاییەوە یان ئاڵوگۆڕی 100 دۆلار بە 130 هەزار دیناری عێراقی بە نرخی بانکی ناوەندی”.
هەروەها هاتووە، “ئەو كەسانە دوای ئەوەی لەگەڵ دادخواز رێکدەکەون بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی پارەکە بکەن و لە شوێنێک یەکتر ببینن، بە بیانووی ژماردنی پارەکە، پارەکە وەردەگرن و بۆ شوێنێکی نادیار رادەکەن”.
پۆلیسی هەولێر دەڵێت، ئێستا سەرجەم تۆمەتباران بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە راگیراون و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.