"ساختە و کۆپی کراون"
ئاسایشی هەولێر فرۆشیاری “دۆلاری بلۆک کراوی لیبی” دەستگیر کرد
964+
شۆڕش قادری
ئاسایشی هەولێر فرۆشیاری دۆلاری بلۆک کراوی لیبی دەستگیر کرد و دەڵێت، ئەو جۆرە دۆلارە ساختە و بێ بنەمایە و خۆتانی لێ مەدەن.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە تۆمەتبار (س، ب، ڕ)ـمان دەستگیرکرد، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی فرۆشتنی دۆلاری دەکرد بە کەمتر لە نرخی بنەڕەتی خۆی، ئەم جۆرە دۆلارە لە تۆڕە کۆمەلایەتیەکان ناسراوە بە (دۆلاری بلۆک کراوی لیبی)”.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو جۆرە دراوە لە بنەڕەتدا بونی نییە و دوورە لەراستییەوە، بەڵکو چەند کەسانێک بەهەمان شێوەی تۆمەتباری دەستگیرکراو، بانگەشەی فرۆشتنی ئەو جۆرە دۆلارە دەکەن، کە دۆلارەکان کۆپی کراون و ساختەن، یان لەبری دراوی دۆلار، دراوی (250 دیناری عێراقی) دادەنرێت.
ئاسایشی هەولێر راشیگەیاندووە، پێشتریش چەند جارێکی تر هۆشدارییان داوە لەسەر ئەو بابەتە و داوا لە هاوڵاتیان دەکەن، خۆیان بەدوور بگرن لەو جۆرە مامەڵە و کەسانە، بۆ ئەوەی پارە و سامانیان پارێزراو بێت.