قایمقامی خەلیفان بۆ 964 دەدوێ
گەلی عەلی بەگ چی بەسەر دێت و بۆ داخراوە؟
964+
ئاکام غەفور-سۆران
شوێنە گەشتیارییەکانی دەورووبەری تاڤگەی گەلی عەلی بەگ داخران و هەموویان تێکدەدرێن و سەرلەنوێ نۆژەن دەکرێتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی ماستەرپلانێکی گەشتیاری سەردەمیانە.
ئەمڕۆ هەینی 18.7.2025 خاوەنی شوێنە گەشتیارییەکان و دوکان و چێشتخانە و مۆتێلەکانی تاڤگەی گەلی عەلی بەگ ئاگادار کرانەوە کە لە ئەمڕۆوە شوێنەکان دادەخرێن و لەم هەفتەیە دەست دەکرێت بە تێکدانی شوێنەکان، قایمقامی خەلیفانیش دەڵێت، “هەندێک کەپر و دوکان دروست ناکرێنەوە، بەڵام خاوەنەکانیان قەرەبوو دەکرێنەوە”.
مەغدید ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەلیفان، بە 964ـی وت، ماستەر پلانێکی گەشتیاری لە ژێر چاودێری نوسینگەی سەرۆک وەزیران جێبەجێ دەکرێت لە ئیدارەی سۆران، گەلی عەلی بەگ بەشێکە لەو پڕۆژەیە، لە دوای تێکدانی، دوبارە دەست بە دروستکردنی دەکرێتەوە بە دیزاینی نوێ.
وتیشی،” بەشێک لە کەپر و دوکانەکان لە دوای تێکدانیان دروست ناکرێنەوە و لە پڕۆژە نوێیەکە جێگایان نابێتەوە، بەڵام خاوەنەکانیان قەرەبوو دەکرێنەوە، هەر شوێنێکیش دروست بکرێتەوە هەر ئەو کەسانە لێی سودمەند دەبن کە تاکو ئێستا لەوێ کاریان کردوە”.
گەلی عەلی بەگ یەکێکە لە سیما هەرە دیارەکانی کەرتی گەشتیاری هەرێمی کوردستان و دەبێتە بەشیک لە ماستەر پلانی گەشتیاری ئیدارەی سۆران، کە لە دەروازەی رێگای گەلی عەلی بەگ دەستپێدەکات و دەچێتەوە بۆ تاڤگەکە و بێخاڵ و باپشتیان.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری