مەسرور بارزانی:

“لە پێناو خەڵكی كوردستان هەموو نەرمییەكمان نواند”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی رێككەوتن لەگەڵ بەغدا لە پرسی موچەی فەرمانبەران و بابەتی رادەستكردنی نەوت و داهاتی نانەوتی، لە پەیامێكدا دەڵێت، هەموو نەرمییەكیان نواند و پێشوازی لەو هەنگاوە دەكەن.

دەقی پەیامەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی بەم جۆرەیە:

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو بەرژەوەندی و کەمکردنی فشار لە سەر خەڵکی کوردستان، هەموو نەرمییەکی نواند و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کرد و دوای هەوڵ و گفتوگۆیەکی زۆر ، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵیش، رەزامەندی لەسەر لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ دا، پێشوازیی لەو هەنگاوە دەکەین و چاوەڕوانین حکومەتی فیدراڵ ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

پێزانینێکی زۆرم بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی کوردستان هەیە ، هەروەها سوپاسی ماندووبوونی هەموو کەس و لایەنێکیش دەکەم کە هەوڵیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە داوە و بەردەوام هاوکار و پاڵپشتمان بوون.

هیوادارم مووچە و شایستە داراییەکان، کە مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە ، چیتر تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکییەک نەکرێت و لە چوارچێوەی دەستوور و بە ڕێزگرتن لە ڕێککەوتنەکان، کێشەکانمان چارەسەر بکەین.

هەروەها دەبێ کۆتاییش بەو هێرشانە بێت کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش کێڵگە نەوتییەکان. هیوادارین حکومەتی فیدراڵ، هاوکار بێت لە دۆزینەوەی ئەو تێکدەرانە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لە دژیان.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان