داواکراوە دیزاینی شەقامەکە دەستکاری بکرێت
کلکەی کۆڵێن لە رانیە بووەتە بەڵای گیانی شۆفێران
964+
محەمەد عەلی ـ راپەڕین
لۆفەکانی کلکەی کۆڵێن لە رانیە بوونەتە بەڵای گیانی شۆفێران و لەچەند مانگی رابردوودا زیاتر لە 15 رووداوی هاتوچۆ لەو شوێنە روویانداوە، هاتوچۆی راپەڕینیش دەڵێت، داوایان کردووە، دیزاینی شەقامەکە دەستکاری بکرێت.
عەلی عەبدوڵا، وتەبێژی هاتوچۆی راپەڕین بە 964ـی وت، “هەرچەندە شەقامەکە پێچ و رگلەی زۆری تێدایە، بەڵام خێرایی و پابەندنەبوونی شۆفێران بە رێنماییەکانی هاتوچۆ، هۆکاری سەرەکیی رووداوەکانی هاتوچۆیە لەو شوێنە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەتای ئەمساڵ لیژنەیەکی بەشی ئەندازە هاتوچۆی راپەڕین سەردانی شوێنەکەیان کردووە و داوایان کردووە، دیزاینی شەقامەکە دەستکاری بکرێت.
عەلی عەبدوڵا داوایشی لە شۆفێران کرد، بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و هاوڵاتیان، لە لۆفەکانی کلکەی کۆڵێن، لەسەرخۆ بن و پابەندی رێنماییەکانی هاتوچۆ بن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری