هەرچی منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەتە چارەسەری ددانیان بۆ دەکرێت 

964+

توانا نەقی

ئاوڕی خێر لە منداڵانی نەخۆش و خاوەن پێداویستی تایبەت دراوەتەوە و دوای كردنەوەی بەشی چارەسەركردنی ددان لەژێر بێهۆشكاری گشتی لەسەنتەری شۆڕرشی ددان لەشاری سلێمانی لەو بەشەدا چارەسەری ددانیان بۆ دەکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، تەندروستی سلێمانی بڵاویکردەوە. چارەسەر کردنی ددانی هەموو ئەو منداڵانەی تووشبووی ئۆتیزم و داون سیندرۆم و خاوەن پێداویستی تایبەتن بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەشکراوە، چارەسەرکردنەکە لە بەشی چارەسەركردنی ددان لەژێر بێهۆشكاری گشتی دەکرێت لەبەر ئەوەی ئەو منداڵانە ناتوانرێت لەژێر بەنجی لۆكەڵ گرفتی ددانیان بۆ چارەسەر بكرێت.

لەبەشی چارەسەركردنی ددان لەژێر بێهۆشكاری گشتی لەسەنتەری شۆڕشی ددان لەدوای ئەنجامدانی پشكنینی پێویست، بە باشترین كوالیتی خزمەتگوزاریی ددان بۆ منداڵەککان دەکرێت.

تەندروستی باسی ئەوەشی کردووە، لەم بەشەدا رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە نەخۆش دەبینرێت و لەدوای ئەنجامدانی پشكنینی پێویست، رۆژانی یەكشەممە چارەسەری ددان بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەكرێت.