"رۆژانە لیژنەکان لەناکاو سەردانیان دەکەن"
ژمارەیەک لەخاوەن موەلیدە ئەهلیەکانی خورماتوو سزای دارایی دران
+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لیژنەیەک لەلایەن بەشی بەرھەمە نەوتییەکانی خورماتووەوە پێکھێنرا بۆ چاودێری کردنی مۆلیدە ئەهلیەکانی خورماتوو و لە هەڵمەتێکیشدا ژمارەیەک لەخاوەن مۆلیدە ئەهلیەکانی قەزاکە بە بڕی جیاواز سزا دران.
ئەمڕۆ سێشەممە 15.7.2025حەسەن مەهدی، بەرپرسی لیژنەی مۆەلیدە ئەهلیەکانی خورماتوو بە964ـی وت، تیمێکمان پێکھێناوە و لەمڕۆوە بەردەوام سەردانی مۆلیدە ئەھلییەکان دەکەین، بەمەبەستی ئەوەی لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە بین و کاتژمێرەکانی دابینکردنی کارەبا بەھاوڵاتییان و وەرگرتنی پارە لێیان بزانین، چونکە هاوڵاتییان بەردەوام کێشە و گرفتیان هەیە لەگەڵیان و سکاڵا دەبەنە لای ئیدارەی قەزاکە و دەڵێن، بەشێک لەخاوەن مۆلیدەکان جگە لەوەی بەگوێرەی پێویست مۆلیدەکانیان ئیش پێ ناکەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەر یەکە و بەئارەزووی خۆی کرێی مانگانە وەردەگرێت لە هاوڵاتییان.
وتیشی، لەیەکەم هەڵمەتیشدا ژمارەیەک لە خاوەن مۆلیدەکان، بەهۆی سەرپێچیانەوە لە 250هەزار بۆ یەک ملیۆن دینار سزای دارایی دران و ھەڵمەتەکەش بەردەوام دەبێت و رۆژانە تیمەکانمان لەناکاو سەردانیان دەکەن”.
لەسنووری قەزای خورماتوو 73 مۆلیدەی ئەهلى هەن و هەڵمەتەکە سەرجەمیانی گرتووەتەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر
