دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل، فۆتۆ: 964
زۆرینەیان خۆراک و دەرمانن
زیاتر لە شەش هەزار تۆن کەرەستە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لەناو براون
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لیژنەی تاقیگە و بەدواداچوونی کەرەستەکان لەدەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیلی زاخۆ لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ لە بەرواری 1.1.2025 تا 30.6.2025 رێگری کردووە، لە هاتنە ناوەوەی شەش هەزار و 761 تۆن کەرەستە بۆ ناو هەرێم و هەموویان لەناوبراون.
بەپێی بەدواداچوونەکانی 964 ئەو کەلوپەلانەی رێگریان لێکراوە پێکهاتوون لە کەرەستەی تەندروستی، خوراک، کەرەستەی ڤێرتێرنەری، بابەتی کۆزمەتیک، کشتوکاڵ و بیناسازی، کە لەگەڵ رێنماییە تەندروستییەکانی دەروازەکە نەگونجاون.
کامی کەمال، وتەبێژی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بە 964ـی وت، لیژنەی تاقیگەکەمان بەووردی لە دەروازەکە ئەرکی خوی دەکات، هەر کەرەستەیەک کە لەگەڵ رێنماییەکانمان نەگونجێت رێگەی پێ نادرێت داخڵی هەرێم ببێت، ئینجا ئەگەر ماوە بەسەرچوون بێت یان نزمی کواڵیتی کەرەستەکان یاخود هەر کەم و کورتییەکی دیکە.
کارمەندێکی لیژنەکەش بە 964ـی راگەیاند، پشکنین بۆ هەموو کەرەستەیەک دەکرێت کە هاوردە دەکرێت، بەڵام لەهەموویان زیاتر فۆکەسمان لەسەر دەرمان و کەرەستەی تەندروستییە”.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر