پۆلیسی دارستان و ژینگە بە زستان و هاوین لە خەمی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکاندایە - وێنە؛ پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی
لە چەند شوێنێک گۆلی ئاویان بۆ دروست دەکەن
پۆلیسی دارستان و ژینگە بە زستان و هاوین لە خەمی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکاندایە
964+
شۆڕش قادری
پۆلیسی دارستان و ژینگە تەنیا بەدەستگیرکردنی راوچیان، لە خەمی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکاندا نییە، ئەوەتا لە چەند شوێنێکی کوردستان دەستیان کردووە بە دروستکردنی گۆلی ئاو، بۆ ئەوەی لەم گەرما تاقەتپڕوکێنەدا لە تینوێتیدا نەخنکن.
هێمن کەمەرخان وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ـی وت، کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئاغجەلەر بە هاوکاری بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر چەند رۆژێکە بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و دڵسۆزی هەستاون بە دروستکردنی چەند گۆلێک و دابینکردنی ئاو لەچەند ناوچەیەکی سنورەکەیان بۆ ئاژەڵ و باڵندە کێویەکان، بۆ ئەوەی لەم وەرزی گەرما و کەم ئاوییەدا، بەئاسانی دەستیان بەئاو بگات.
“هەموو ئەو گۆلە ئاوانە بە وردی چاودێری دەکرێن تا لە راوچییەکان بپارێزرێن”، هێمن کەمەرخان وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە ئاغجەلەر، لە دەربەندیخان، پێنجوێن و شارباژێر و چەند شوێنێکی دیکەی سنووری سلێمانی ئەو کارە دەکەن، تەنانەت لە هەندێک شوێن دانیشیان بۆ رۆدەکەن، هەروەک لە زستانیشدا ئەو کارە دەکەن.