دیمەنێك لە خۆپیشاندانەكەی وەرتێ
رووداوەكەی وەرتێ ئیدانە كرا
لەبری ئەوەی بەدەنگیانەوە بچن پەلاماریان دان
964+
محەمەد فاتیح
دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە ناحیەی وەرتێ بەهۆی نەبوونی كارەباوە خۆپیشاندانكرا و هاونیشتیمانیەك بۆ رووناكی گیانی خۆی بەخشی، تۆڕی هاوپەیمانی 19 بە توندی ئیدانەی تەقەكردن لە بەشداربووانی خۆپیشندانەكەی ناحیەی وەرتێ دەكات، كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەكی بێ چەك و برینداربوونی سێ كەسی دیكە.
“هاوڵاتیيانی ناحیەی وەرتێ سەر بە قەزای رەواندزی پارێزگای هەولێر، رژانە سەر شەقامەكان و بە خۆپیشاندانی ئاشتیانە داوای مافی رەوای خۆیان بۆ خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان كرد، بەڵام لەبری ئەوەی داواكارییە رەواكانیان جێبەجێ بكرێت، یان مافە دەستوری و مرۆییەكانیان بۆ گردبوونەوە و دەربڕین بپارێزرێت، تووشی توندوتیژی بوون و لە ئەنجامدا خۆپیشاندەرێك بە ناوی (حەسەن عەبدولڕەحمان) كە پۆلیسی بەرگری فریاكەوتنە و خاوەنی پێنج منداڵە بە فیشەك گیانی لەدەستدا و سێ هاوڵاتی تر برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانە كران”.
بەوتەی هاوپەیمانی 19، ئەو گرتە ڤیدیۆیەی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكراوەتەوە، تێیدا چەكدارێك بەرگی مەدەنی پۆشیوە، تەقە دەكات و پەلاماری هاوڵاتییەك دەدات، دیمەنێكی روونە بۆ سەركوتكردنی دڕندانەی دەربڕینی ئاشتیانە و تاوانی كوشتنی هاوڵاتییەكی بێ چەك و برینداركردنی كەسانی تر لە كاتی خۆپیشاندانی ئاشتیانەدا، بە توندی ئیدانە دەكات و ئەم كردەوەیە تاوانی پێشێلكردنی ئاشكرای مافی ژیانە و داوا دەكات، دەستبەجێ و بە شەفافیەتێكی تەواو بەدواداچوون بۆ بارودۆخی رووداوەكە بكەن و وردەكارییەكانی بۆ رای گشتی ئاشكرا بكەن.