بە سێ زمان داوا لە هاوڵاتیان دەکرێت لە شوێنە مەترسیدارەکان مەلە نەکەن - وێنە؛ بەرگری شارستانی سۆران
تابلۆکانت بینی ژیانی خۆت مەخەرە مەترسییەوە
بە سێ زمان داوا لە هاوڵاتیان دەکرێت لە شوێنە مەترسیدارەکان مەلە نەکەن
964+
شۆڕش قادری
لەماوەی رابردوودا و لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما چەندین رووداوی خنکان لە چەم و رووبارەکان روویانداوە، بۆیە بەرگری شارستانی قەزای مێرگەسۆر کەوتووەتە خۆ و بە سێ زمان داوا لە هاوڵاتیان دەکات، لە شوێنە مەترسیدارەکان مەلە نەکەن.
بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران، ئەمڕۆ هەینی 11.7.2025 تیمەکانی بەرگری شارستانی قەزای مێرگەسۆر هەڵساون بە دانان و نوێکردنەوەی تابڵۆکانی ئاگادارکردنەوەی هاوڵاتیان و گەشتیاران لە قەراغ رووبارەکان و لێواری شەقامەکان.
لەسەر تابلۆکان بە هەر سێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی نووسراوە، “ئاگاداربە مەلەوانی کردن لێرە مەترسیدارە و قەدەغەیە”.
بەرگری شارستانی سۆران داوا لە هاولاتیان و گەشتیاران دەکات، پابەند بن و لەکاتی بینینی ئەو تابلۆیانە لە قەراغ رووبار و شەقامەکان، بەهیچ شێوەیەک مەلەوانی نەکەن و مەترسی لەسەر گیانی خۆیان دروست نەکەن.