یەککەون؛ با نەکەون

هەڤاڵ ئەبوبەکر: بەڵێ بۆ سلم و سەلام، نا بۆ شەڕ، نا بۆ ئیستیسلام

964+

وریا فەتاح

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، چەکدانان؛ هەنگاوێکی گەورەو گرنگە، دەشڵێت: هۆکاری سەرەکیی دۆخی ئێستا دابڕان و ناکۆکیی ناوخۆیی کورد خۆیەتى، نەک بەهێزیی بەرامبەرەکانیان.

پارێزگاری سلێمانی لە پۆستێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک رایگەیاند، وەکچۆن دەوڵەتانی ناوچەکە گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە کورد بە چەک لەناونابرێت، پێویستە کوردیش بگاتە ئەو باوەڕەی کە هەموو ماف و خواستەکانی تەنیا بە چەک بەدەست نایەن.

زەمینەی گفتوگۆو ئاشتیی، لەم زەمانی جەنگە جیهانییە رانەگەیەندراوەدا؛ بەهێزکردنی هێزی لۆژیک و کپکردنی چەکەکان و خاوکردنەوەی لۆژیکی هێز؛ دەرفەتی سەقامگیرییەکی ناوچەیی بەرەو چەسپاندنی ئاسایش و بوژانەوەی ئابوریی و گەشەی کۆمەڵایەتیمان دەبات

دەشڵێت: بەرامبەرەکانمان هیچکات هێندەی ئێستا لاوازنەبوون، بەڵام ئەوەی وایکردووە وەک داری بی بەسەرماندا شۆڕببنەوە؛ دابڕان و ترازان و داڕزان و ناکۆکیی و دوو بەرەکیی و بێمتمانەیی و خۆپەسەندیی و فرەبەرەیی خۆمانە.

پارێزگارى سلێمانى، ئەو ناکۆکییە ناوخۆییانەشی بە هۆکاری هەڵتەکاندنی دۆخی دارایی و ئابوریی و ژیانی خەڵک و سیستمی گشتیی لە هەرێمی کوردستان، ناو بردووە.

جەختیشى کردەوە کە رێگەی چارەسەر، بەهێزکردنی هێزی لۆژیک و کپکردنی چەکەکانە، ئەوەش بۆ گەیشتن بە سەقامگیریی ناوچەیی، بوژانەوەی ئابووری و گەشەی کۆمەڵایەتی.

لە کۆتاییدا د. هەڤاڵ بە زمانە شیرینەکەى نووسیویەتى،”یەککەون؛ با نەکەون… بەڵێ بۆ سلم و سەلام، نا بۆ شەڕ، نا بۆ ئیستیسلام.”

ئەو پەیامە لە کاتێکدایە، بڕیارە سبەینێ هەینى 11.7.2025، ژمارەیەک لە گەریلاکانى پەکەکە لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و بەدیاریکراوى لە سنوورى پشدەر، بەشێوەیەکى سیمبوڵى چەک دابنێن.

هەڤاڵ ئەبوبەکر: فەرموون ئێوەش لە هەرێمى کوردستان یەکتر...

هەڤاڵ ئەبوبەکر: فەرموون ئێوەش لە هەرێمى کوردستان یەکترى قبوڵ بکەن