"گوێ لە ناڕەزایی قوتابیان گیراوە و دەینێرین بۆ وەزارەتی پەروەردە"
بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی: لە ئەمڕۆوە دەرگای پەڵپ كراوەیە
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، پێشوازییان لەو قوتابییانە كردووە، كە ناڕەزاییان لە بارەی ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12 هەیە و گوێیان لێگرتوون، ئاشكراشی كرد لە ئەمڕۆوە دەرگای پەڵپگرتن كراوەیە و قوتابیان دەتوانن پەڵپەكانیان تۆمار بكەن.
نەژاد عەبدوڵا بە 964ی راگەیاند، دوای دەرچوونی ئەنجامەكانی پۆلی 12، ژمارەیەك قوتابی لە سلێمانی كێشەیان هەیە، بە تایبەتی لە وانەی فیزیا و تاقیكردنەوەی پیشەییەكان هەڵە روویداوە.
ئاشكراشی كرد، قوتابی هەیە تاقیكردنەوەی كردووە و بە نەهاتوو تۆمار كراوە.
بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی وتی، پێشوازییان لەو قوتابییانە كردووە كە ناڕەزاییان هەیە و داواكارییەكانیان دەگەیەننە كۆنتڕۆڵی وەزارەتی پەروەردە.
“دەرگەی پەڵپ لە ئەمڕۆوە كراوەیە و قوتابیانی ناڕازی دەتوانن ئەمڕۆ پەڵپەكانیان تۆمار بكەن و فۆڕم لە مەكتەبەكانیان وەربگرن”، نەژاد عەبدوڵا وای وت.
ئەمڕۆ ژمارەیەك قوتابیی پۆلی 12 لە سلێمانی گردبوونەوە و ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بە ئەنجامەكان و هەروەها ئەو هەڵانە دەربڕی، كە لە تاقیكردنەوە و پرۆسەی تاقیكردنەوە و ئەنجامەكان روویداوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا