بەشێكی نوێ كرایەوە
لەمەودوا هەموو ناسنامەكانی مەخموور دەكەوێتەوە سەر هەولێر
+964
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
لە بنكەی تەندروستی قەرەچووغ لە قەزای مەخموور، بەشێكی نوێ بۆ تۆماركردنی منداڵی تازە لەدایكبوو، هەروەها تۆماركردنی مردووان كرایەوە، كە پێشتر هاوڵاتیانی قەزای مەخموور بۆ ئەم بابەتانە دەبوو بچنە موسڵ، بەڵام ئیتر لەمەودوا هەموو ناسنامەكانی مەخموور دەكەوێتەوە سەر هەولێر
ئەمڕۆ چوارشەممە 9.7.2025 ئاسۆ عەزیز بەڕێوەبەری كارگێریی بنكەی تەندروستیی قەرەچووغ بۆ 964 وتی، “ئەمڕۆ یەكەم منداڵمان تۆماركرد بە ناوی (محەمەد) لەمەودا هاوڵاتیانی مەخموور و كوردەكانی ناوچەكە هەموو ناسنامەكانیان دەكەوێتە سەر پارێزگای هەولێر، كە پێشتر دەبوایە بچنە گەیارە و پرۆسەی خۆتۆمار كردن ئەنجام بدەن و ناسنامەكە دەكەوتە سەر نەینەوا، بەڵام ئێستا كارەكەیان ئاسان بووە و لەمڕۆوە ئەم بەشە تازەیە لە بنكەی تەندروستی قەرەچووغ كراوەیە”.
مەخموور بە فەرمانی پاشایەتی ژمارە 458 لە15 ئاداری1927 پلەی ناحیەی بۆ قەزا بەرزكراوەتەوە لەسەر پارێزگای هەولێر و بوو بە (قایمقامییەتی قەزای مەخموور) و (عەبدولڕەحمان سەعید بابان) وەک یەکەم قایمقام دەست بەکاربووە لەوێدا.
ئەو قەزایە تا ساڵی 1996 سەر بە پارێزگای هەولێر بووە دواتر لەلایەن رژێمی بەعس خرایەسەر پارێزگای نەینەوا کە (120 )کم لەیەكەوە دوورن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا