یادەوەرییەکانی جیلی ئاڵتونی
ئەرێ تۆپی پێی جاران خۆشتر بوو یان هی ئێستا؟
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
جاران تۆپی پێش وەك ژیانی ئەوسا سادە بوو، ئاڵۆز و پڕ وردەكاری نەبوو
یاریكردن لە كۆڵان و گەڕەك و گوند چێژی خۆی هەبوو.
یاساكانی تۆپی پێی ئەوسا زۆر سەیر و جوانیش بوو
لە یارییدا ناوبژیوان نەبوو، هەر لەسەر سیقە فاوڵ و پەناڵتی لێدەدرا
یاریی تا بانگی مەغریب بەردەوام دەبوو، زۆربەی جاریش ئەنجامەكە 20 بە 21 گۆڵ بوو.
كاتێك پەناڵتی دەگیرا، دەبوو سوێند بخورێ پەناڵتییەكە دروستە، ڤار و ماڕ نەبوو، كوڕە جار هەبوو فیكەش نەبوو.
تۆپەكە هی منداڵێكی دەوڵەمەندی گەڕەك بوو، هەر كاتێك وەزعەكەی بەدڵ نەبا، تۆپەكەی هەڵدەگرت و دەچووەوە مارێ.
كابرای ساحێبی تۆپ دەبوو سەرەكی بێت و لەگەڵ تیپی بەهێزیش یاریی دەكرد.
كامە منداڵی قەڵەو زۆرخۆر بوایە، بەشی ئەوە بوو ببێتە گۆڵپارێزی تیپ.
هێڵەكانی یاریگە بە گەچی لێدەدرا و جار هەبوو پەتیان دادەنا.
گۆڵەكان سێ دار بوو، لە كۆڵەكانیش دوو بەردی گەورە، كوڕە بگرە جار هەبوو نەعلە دەكرایە هەردوولای گۆڵ.
یاسایەكی جوانیش هەبوو، دەكرا لە كاتی پەناڵتی گۆڵپارێزە بگۆڕدرێت و یەكی تر بێتە شوێنەكەی، ئێ بەڵكو ئەوە خوایە و بتوانێ تۆپەكە بگرێتەوە.
یاسای سەیر سەیر هەبوو، هەندێك جار ئەگەر تۆپ بەرز بەسەر گۆڵەكەدا تێدەپەڕی، دەبوو سوێند و قورئان بخۆی كە گۆڵ نەبووە و تۆپ چووەتەدەرێ، ئیتر نیو سەعات دەمەقاڵی و هاتوهاوار بوو.
ژیان و تۆپی پێ ئەوكات جوانتر و سادەتر بوو، ئەگەر تیپێك یاریزانێكیشی زیاتر بووایە لەوەی تر، ئاسایی بوو، ئیتر ئاوابوو.
ئێوارانیش كاتێك دنیا تاریك دەبوو، هەمووان بە جلێكی تۆزاوی و ئارەقە و شەكەتییەوە، بە پەنجەی بریندار و دەموچاوێكی ماندووەوە، بەرەو ماڵەوە دەچوونەوە و شەویش هەر خەویان بە یاری و تۆپی پێ دەبینی.