کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی و ئەردۆغان.
باسیان لە پرۆسەی چارەسەری کرد
شاندی ئیمراڵی: تێبینی خۆمان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری گەیاندە ئەردۆغان
964+
ژووری هەواڵ
شاندی ئیمراڵی و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە کۆشکی کۆماری لە شاری ئەنقەرە کۆبوونەتەوە و باسیان لەو پرۆسەیە کردووە، كە چەند مانگێکە دەستیپێکردووە.
نووسینگەی راگەیاندنی پارتی دەم بڵاویکردەوە، شاندی ئیمراڵی تێبینی و پێشنیازەکانی خۆیان سەبارەت بە قۆناغی نوێی پرۆسەی چارەسەری و ئەو کارانەی لەمەودوا دەکرێن گەیاندە ئەردۆغان.
“لە کۆبوونەوەکەدا [لەنێوان ئەردۆغان و شاندی ئیمراڵی] جەخت لەسەر بەردەوامی ئیرادەی هاوبەشی هەردوولا بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە کرایەوە”، نووسینگەی راگەیاندنی پارتی دەم وا دەڵێت.
شاندی ئیمراڵی پکهاتبوو لە پەروین بوڵدان و میتحات سانجار و شاندی هاوڕێی ئەردۆغانیش پێکهاتبوون لە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی تورکیا “میت” و ئەفکان ئالا، جێگری سەرۆکی گشتی ئاکپارتی.
دوێنێ یەکشەممە، شاندی ئیمراڵی راگەیەندراوێکی لەبارەی دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئۆجەلان وتویەتی پرۆسەکە گەیشتووەتە قۆناغێکی نوێ.
بە گوێرەی راگەیەندراوی شاندەکە، ئۆجەلان بە گرنگییەوە باسی ئەو کۆبوونەوەیەی کردووە، کە لەنێوان ئەوان و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بەڕێوەچوو لەبارەی پرۆسەی چارەسەری، بە مێژووییش ناویبردووە.