ئەى نەخۆشخانەى 291 قەرەوێڵەیى؟
نەخۆشخانەى فریاکەوتنى رانیە کرایەوە
964+
محەمەد عەلی- راپەڕین
بەئامادەبونی وەزیر تەندروستی حکومەتی هەرێم و وەفدێکی حکومەتی عێراق، نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رانیە کرایەوە.
لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان فراکەوتنەکە کراوەتەوە و زیاتر لە دوو ملیار دینارى تێچووە.
دکتۆر سامان بەرزنجى، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم بە 964ـى وت،” فریاکەوتنەکە لۆد لەسەر نەخۆشخانەى رانیە کەم دەکاتەوەن چونکە حاڵەتە فریاگوزارییەکان وەردەگرێت”.
لە وەڵامى پرسیارى پەیامنێرى 964 لەبارەى نەخۆشخانەى 291 قەرەوێڵەیى رانیە کە 90%ـى کارەکانى تەواو بووە بەڵام کارکردن تێیدا وەستاوە، وەزیرى تەندروستى وتى،”وەک هەر پڕۆژەیەکى ترى ستراتیژى لەدواى راگرتنى بەشەبودجەى هەرێم لەلایەن بەغداوە، کارکردن لەو پڕۆژانە وەستاوە، بەڵام لەگەڵ ئەنجومەنى وەزیران لەسەرهێڵین و لەگەڵ باشبوونى دۆخى دارایى دەستیان پێدەکرێتەوە”.
پڕۆژەکە لە رۆژی 1.5.2012، بەردى بناغەى پڕۆژەکە دانراوە گوژمەى تەرخانکراوى پڕۆژەکە 107 ملیار دینارە.
لایەنى جێبەجێکارى پڕۆژەکە وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەیە، 964 دەزانێت، 90%ـى پڕۆژەکە تەواو بووە، پەنجەرە و سپلێت و کارەباى بۆ بەستراوە، بەڵام هیچ پێداویستییەکى پزیشکى بۆ جێبەجێ نەکراوە، لە ساڵى 2015ـەوە پڕۆژەکە جێهێڵراوە و ئێستا بەشێکى زۆرى بیناکە بەرەو کەلاوەبوون دەچێت و بووەتە ماڵى باڵندە و خشۆکەکان و کەلوپەلەکانیشى بەرەو لەناوچوون دەچن.