لۆگۆی ئەپی تیک تۆک - وێنە: Google
چاوی لە کڕینیەتی
ترەمپ ئەگەری واژۆکردنی گرێبەستێک لە بارەی تیکتۆک ئاشکرا دەکات
964+
ئەحمەد مستەفا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی رایگەیاند، لە رۆژی دووشەممە یان سێشەممەی ئەم هەفتەیە، دەست بە قسەکردن لەگەڵ چین دەکات سەبارەت بە ئەگەری گرێبەستێک لە بارەی تیکتۆک.
ئاماژەی بەوەکرد، ئەمریکا “تاڕادەیەکی زۆر” گرێبەستێک بەدەست دەهێنێت لەسەر فرۆشتنی ئەپی کورتە ڤیدیۆی تیکتۆک.
ماوەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێناسی گومرگی بەسەر هەموو کاڵایەکدا سەپاند کە هاوردەی ئەمریکا دەکرێت و رایگەیاند، چیدیکە رێگە بە وڵاتان نادەن لەسەر حیسابی ئەمریکا خۆیان دەوڵەمەند بکەن.
ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، دەتوانن لەگەڵ چین رێکبکەون بۆ ئەوەی پێناسە گومرگییەکانی سەریان کەمبکەنەوە، بەو مەرجەی ئەوان شتێکی باشیان پێ بدەن، بۆ نموونە تیکتۆک.
تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک زیاتر لە 170 ملیۆن بەکارهێنەری لە ئەمریکا هەیە و لە ساڵی رابردووەوە کۆنگرێس داوای کرد، کۆمپانیای بایت دانس، ئەپەکە بە کۆمپانیایەکی ئەمریکی بفرۆشێت، ئەگەر نا رووبەڕووی داخستن دەبێتەوە.
رۆژی 17ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ دادگەی باڵای ئەمریکا بڕیاری قەدەخەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییە چینییەکەی لە سەرانسەری ئەمریکا دا، دوو رۆژ دوای ئەوەش بڕیارەکە جێبەجێ کرا.
بەڵام 20ـی هەمان مانگ، ترەمپ دوای سوێندخواردنی فەرمانێکی سەرۆکایەتیی دەرکرد و جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەخەکردنی تیکتۆکی بۆ 75 رۆژ دواخست.