سوپاى عێراق
فەرماندەیەکى پێشمەرگە روونکردنەوە دەدات
هۆکاری جوڵە سەربازییەکەی خورماتوو ئاشکرا کرا
964+
سیروان خورشید- خورماتوو
هێزێکی گەورەی پۆلیسی فیدڕاڵی لە سنووری خورماتوو جێگیر بووە و بەشێک لە چەکدارانی حەشدی شەعبی بارەگاکانیان چۆڵکردووە، فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت، چاودێری دۆخەکە دەکەن و چاوەڕێی دوای عاشورا دەکەن بۆ ئەوەی نیازی ئەو هێزانە بزانن.
موقەدەم حەمە چەوری، فەرماندەی لیوای 731ـی پێشمەرگە بە 964ـی وت:”بەپێی زانیارییەکان، بەشێک لە چەکدارانی حەشدی شەعبی بەبۆنەی مەراسیمەکانی عاشوراوە بارەگاکانیان لە سنووری خورماتوو بەجێهێشتووە و بۆ پاراستنی مەوکبەکانی شیعە هاتوونەتە ناو شار”.
“هێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵیش وەک پاڵپشتییەک چوونەتە ئەو ناوچانەی حەشد لێی کشاوەتەوە، بۆئەوەی سنوورەکە لە دزەکردنی داعش بپارێزن”، حەمە چەورى واى وت.
روونیشى کردەوە، لە دوای 10ی موحەڕەم و یادی عاشورا دەردەکەوێت ئامانجیان لەم جوڵەیە چییە، ئەگەر حەشد گەڕایەوە شوێنەکانی خۆی، دیارە جوڵەیەکی ئاساییە، بەڵام ئەگەر نەگەڕایەوە، پێدەچێت نیازی دیکەیان هەبێت
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمشەو شانەى راگەیاندنى ئەمنى لە راگەیەندراوێکدا وێراى رەتکردنەوەى هەر جوڵەیەکى سەربازى لەلایەن سوپا و حەشدى شەعبى و پێشمەرگە، جەختیشى کردەوە کە هەماهەنگى هەیە لە نێوان سوپا و پێشمەرگە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح