"یەکێکیان ئۆتۆمبێلی پوری خۆی دزیوە"

سێ تۆمەتبار لەسەر دزینی ئۆتۆمبێل لەلایەن پۆلیسی راپەڕینەوە لە چوارقوڕنە دەستگیرکران

964+

ژێوار خدر

لە ناحیە چوارقوڕنەی سنووری ئیدارەی راپەڕین، سێ کەس بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبیل لەلایەن پۆلیسی راپەڕینەوە دەستگیرکران، کە یەکێکیان ئۆتۆمبێلی پوری خۆی دزیوە و فرۆشتوویەتەوە.

پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، لە پێشانگەی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە چوارقوڕنە، سێ تۆمەتباریان دەستگیرکردووە، کە خەڵکی کەرکوکن و ئۆتۆمبێلێکییان لە هەولێر دزیوە و ویستوویانە لە پێشانگەکانی ئۆتۆمبێلی چوارقوڕنە وەک ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا  بیفرۆشنەوە.

بەپێی راگەیاندراوەکەی پۆلیسی راپەڕین، ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری BMW330ـی رەنگ رەش، مۆدێلی 2024 بووە، پێشتر یەکێک لە تۆمەتبارەکان ئۆتۆمبێلەکەی بۆ ماوەی مانگێک بە کرێ وەرگرتووە و لە هەولێرەوە هێناویەتی و تابلۆکانی لێکردووەتەوە و ویستوویەتی وەک ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بیفرۆشێت.

پۆلیسی راپەڕین تەمەنی تۆمەتبارەکانیشی ئاشکرا کردووە، کە دووانیان لەدایکبووی ساڵی 2005 و دانەیەکیان لە دایکبووی ساڵی 1998ە و هەموویان دانێشتووی شاری کەرکوکن،  دەشڵێت لە کاتی لێکۆڵینەوەدا یەکێکیان دانی بەوەدا ناوە، کە جگە لەو تاوانەی ئەنجامی داوە پێشتریش ئۆتۆمبێلێکی لە جۆری “کیا سپۆرتاج” مۆدێل 2014 لە رەنگی سپی لە پوری خۆی دزیوە و لە شاری کەرکوک بە بڕی 13 هەزار دۆلار فرۆشتوویەتەوە.

“بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 453 لە یاسای سزادانی عێراقی، هەر سێ تۆمەتبارەکە راگیراون و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە” پۆلیسی راپەڕین وادەڵێت.

دوو تۆمەتبار لەسەر دزینی ماتۆڕسکیلێک دەستگیرکران

دوو تۆمەتبار لەسەر دزینی ماتۆڕسکیلێک دەستگیرکران