لایەنگرانى بەرەى تورکمانى چیان دەوێت؟
کێشەکان لەسەر چین؛ لیژنە پێکهێنرا بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى پردێ
964+
وریا فەتاح
چوار رۆژە خۆپیشاندانى بەرەى تورکمانى لە پردێ دەستى پێکردووە و لەو ماوەیەدا دوو جار رێگاى کەرکوک بۆ هەولێریان داخستووە، تاکە داواکاریشیان وەرگرتنى پۆستێکى سیادى ناحیەکەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، جارێکى تر لایەنگرانى بەرەى تورکمانى لە پردێ گردبوونەوە و رێگاى هەولێر بۆ کەرکوکیان داخست، ئەوان یەکێک لە پۆستەکانى (بەرێوەبەرى ناحیە، شارەوانى یان پۆلیس)یان دەوێت.
لە پردى 17 پۆستى ئیدارى هەن کە ئەمانەن:
ئەو پۆستانەى لاى کوردن
بەڕێوەبەرى ناحیە
بەڕێوەبەرى شارەوانى
بەڕێوەبەرى پۆلیس
ئەو پۆستانەى لاى تورکمانن
بەرێوەبەری بانک
بەڕێوەبەرى ڤێرتێرنەرى
بەڕێوەبەرى نەخۆشخانە
بەڕێوەبەرى نەهێشتنی تیرۆر
بەڕێوەبەرى ئاو
بەڕێوەبەرى کارەبا
بەڕێوەبەرى کۆمەڵگەى پەیوەندییەکان
بەڕێوەبەرى دادنووس
بەڕێوەبەرى وەقفى سوونى
بەڕێوەبەرى نەهێشتنى تاوان
بەڕێوەبەرى ئاوەڕۆ
بەڕێوەبەرى پۆلیسی ئامادە
لەگەڵ دوو پۆستى دیکەى هەواڵگرى و ئاسایشى نیشتمانى کە ناوە ناوە بەڕێوەبەرەکانیان دەگۆڕدرێت.
لەکۆى 17 پۆستى ئیدارى پردێ، 12 پۆستیان لاى پێکهاتەى تورکمانییە و تەنیا سێ پۆست لاى کوردە، بەڵام پێکهاتەى تورکمان دەڵێن، یەکێک لە پۆستە سیادییەکانیان دەوێت کە هەرسێکیان لاى کوردن.
کەمێک لەمەوبەر، بەمەبەستی چارەسەرکردنی گرژییەکانی ئەم دواییەی ناحیەی پردێ، رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک و محەمەد حافز سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و دكتۆر یاوز حەمید جێگری پارێزگاری کەرکوک و نەشئەت شاهوێز و ئەحمەد رەمزی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا كۆبوونەوە.
وەک ئەوەى رێبوار تەها، پارێزگارى کەرکوک بڵاوى کردەوە، لەکۆبوونەوەكەدا لیژنەیەک پێکهێندرا بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاری کەرکوک و ئەندامێتی نوێنەری پێکهاتەکان لە ئەنجومەنەکە، بۆ پێداچوونەوە بە هەموو پۆستەکان لەو ناحیانەی پێکهاتەی جیاواز تێیدا دەژین.