كۆبوونەوەی لەگەڵ كردوون

وەزیری ئەوقاف بۆ مامۆستایانی ئایینی: باس زوڵمی حكومەتی عێراق بەرامبەر خەڵكی كوردستان بكەن

964+

محەمەد فاتیح

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی كۆبووەتەوە و داوای لێكردوون “باسی زوڵمی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بەرانبەر خەڵکی کوردستان بكەن و گیانی نیشتمانپەروەری لای خەڵكی كوردستان بەرزبكەنەوە”.

وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بڵاویكردەوە پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی گوتارخوێنانی ھەولێر ودەوروبەری كۆبووەتەوە و تیشکی خستەسەر گۆرانکارییەکانی ناوچەکە و ئەو زوڵمەی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بەرانبەر خەڵکی کوردستان گرتوویەتیەبەر و بەردەوامیشن لەم ستەمە بە شێوەی جۆراوجۆر.

وتیشی، “ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگاداری ئەو پێشێلکارییانەیە، کە بەغدا بەرامبەر بە کوردستان دەیكات، ئامانجیشیان ئەوەیە قەوارەی دەستووری ھەرێم لاواز بکەن و مێژوو  و خەباتی میللەتە سەربەرزەکەمان نادیدە بگرن، بۆیە ئەگەر جاران بە کوشتن و وێرانکاری بوو، ئەمڕۆ لە رێی بڕینی بژێوی و نانی خەڵکی کوردستان و برسیکردنی راستەوخۆوە ئازاری یەک بەیەکی خەڵکی سەربەرزی کوردستان دەدەن، ئامانجی ستەمکارانیش تەسلیم بوونە بە ئیرادەی ئەوان و تێکدانی ئاداب و کولتوور و تەنانەت بەلادابردنی سیومبوولە پیرۆزەکانی ئایینی و نیشتمانییە”.

“داواشی لێیان كرد خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتمان و ئاو و ژینگەی كوردستان لەئاستێکی زۆر باڵادابێت و ئەو ھەقەی خەڵکی کوردستان كه داگیرکراوە بە پێکەوەیی و گیانی تەباییمان بیپارێزین”.