بەفر سەدان گەشتیاری لە چیای حه‌سه‌ن بەگ کۆکردووەتەوە

+964

ئاسۆ وەرتی ـــ سۆران

دیمه‌نه‌كانی به‌فر و جوانییه‌كانی سرووشتی چیای حه‌سه‌ن به‌گ‌ له ‌سۆران، بووه‌ته‌ جێگای سەرنجی گەشتیاران و به‌ سه‌دانیان سه‌ردانی ده‌كه‌ن.

هەموو ساڵێک شەڕەتۆپەڵ لە ناو بەفر و گرتنی وێنەی یادگاری و بەسەربردنی کاتێکی خۆش لە ناو سرووشتە دڵگیرەکەی چیای حەسەن بەگ، دەبێتە بیرەوەریی خۆشی سەردانیکەران.

نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراقه‌وه‌، گەشتیار سەردانی ئەم ناوچە گەشتیارییەی سۆران دەکەن.

بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سۆران، هەفتانه 30 هەزار گەشیار روو له ناوچە گەشتیارییەکانی سۆران دەکەن.

یەکێک له تایبەتمەندییەکانی ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران ئەوەیە، لە هەر چوار وەرزەکانی ساڵدا گەشتیار رووی تێدەکه‌ن.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شی گه‌شتیاری زۆره‌، به‌ڵام هێشتا ناوچه‌كه‌ پێویستی به‌ گرنگیدانی حکومەت هه‌یه‌، به‌ تایبه‌تی لە رووی چاککردنی رێگەوبان و دابینکردنی خزمەتگوزاری، كه‌ هاوكات دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتیش بۆ حکومەت.

چیای حەسەن بەگ دەكەوێتە باكووری رۆژهەڵاتی شاری سۆران و دوو هەزار و 550 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە، درێژیی رێگەی گەیشتن بە لووتکەی چیاکە 15 کیلۆمەترە.

پێداچوونەوە: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا