ئەو ئۆتۆمبێلەی هێرشەکەی پێ ئەنجامدرا _ وێنە: AP
پۆلیسی ئەڵمانیا: لێکۆڵینەوە بەردەوامە
کوژراوانی هێرشەکەی بازاڕی کریسمس گەیشتە چوار کەس
964+
ئەحمەد مستەفا
ژمارەی کوژراوانی هێرشی بازاڕی کریسمس لە ئەڵمانیا بۆ چوار کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتە 68 کەس، پۆلیس پزیشکێکی تەمەن 50 ساڵی خەڵکی سعودیەی دەستگیرکردووە کە پێیان وایە بەرپرسیارە لە هێرشەکە.
ئێوارەی هەینی، شۆفێرێک لە بازاڕێکی کریسمس لە شارۆچکەی ماگدێبۆرگ لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە خۆی کرد بەناو خەڵکدا، ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، تائێستا چوار کەس لە ئەنجامی هێرشەکە گیانیان لەدەستداوە و برینداربوونی 68 کەسی دیکە یەکلاکراوەتەوە.
دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا دەڵێن، پانزە کەس لە دۆخێکی ناجێگیردا ماونەتەوە و منداڵێکی بچووکیش لەنێو کوژراوەکاندا بووە، کە بەرپرسانی ناوچەکە بە هێرشێکی تیرۆریستی وەسفی دەکەن و پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە، شایەتحاڵەکان دەڵێن، ئۆتۆمبێلێکی جۆری بی ئێم دەبلیوێکی رەنگ رەش بووە، بە خێرایی لە بازاڕەکەدا رۆیشتووەتە خۆی کردووە بەناو خەڵکدا.
پۆلیس پزیشکێکی، تەمەن 50 ساڵی خەڵکی سعودییان دەستگیرکردووە کە پێیان وایە بەرپرسیارە لە هێرشەکە کە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەیە، هێرشکارەکە ناوی تاڵیب جەواد عەبدولموحسینە و لە 2006 چووەتە ئەڵمانیا و پزیشکی دەروونییە.
تاڵیب لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رەخنەی زۆری لە ئیسلام گرتووە و چەندین جار هۆشداری لەبارەی “مەترسییەکان”ـی “بەئیسلامکردنی ئەڵمانیا”ی داوە؛ هەروەها لەگەڵ راستڕۆکانی ئەڵمانیا دژی چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە کاری کردووە، شاری مارگدێبۆرگ دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای بەرلین، شارەکە نزیکەی 240 هەزار کەسی لێدەژی.
دیمەنەکان ئاژانسەکانی AP و Reuters تۆماریان کردووە؛