هاوڵاتیەک لەبەر تیشکی خۆر و گەرمای بەتین دەستی وەک چەترێک بەکارهێناوە _ وێنە: INA
پێنج رۆژێک بەردەوام دەبێ
ئاو و کراسی لۆکەتان دەوێ لە ئەفریقاوە گەرمایەکی بەتین دێ
964+
ئەحمەد مستەفا
خۆتان ئامادە بکەن خێرایی با، دواتر شەپۆلی گەرمای بەتینمان لە ئەفریقاوە بۆ دێت، ئەمە پێشبینی و بەدواداچوونی کەشناسێکە لە بارەی گۆرانی ئاو هەوای چەند رۆژی داهاتوو.
هەفتەی داهاتوو، لە 6.7.2025، وە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێرکاریگەری بای باکوری خۆرهەڵات و بای باکور، کە خێرایی ئەم بایە 30 بۆ سەروو 60 کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرکدا.
دواتر بۆ رۆژانی 10 بۆ 15ی مانگی تەمموز، بۆ نزیک چلەی هاوین شەپۆلێکی گەرمای بەتین روو لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، کە پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی گەرمیان نزیک 50 پلە بۆ 50 پلە تۆمار دەکرێت.
سالار عەلی، شارەزای کەشناسی بە 964ی وت، ناوشارەکانیش لەو شەپۆلەدا، 43 بۆ 48 پلە تۆمار دەکرێت، ناوچە شاخاوییەکان 27 بۆ 42 پلە دەبێت، سەرچاوەی ئەم شەپۆلە گەرمایە زەریای هیندی و بەشێکی تری لە ئەفریقاوە دێت.
لە ناو شەپۆڵە گەرماکە، پێشبینی دەکرێ لەرووی کاریگەریی تەندروستی، خەڵک هەست بە تەنگەنەفەس و نائارامی بکەن، وە بەهۆی شێی زۆر، رێژەی شێ لە هەوادا بەرز دەبێتەوە.
ئەو شارەزای کەشناسە پێشنیاری کرد، لە کاتی شەپۆلی گەرمییەکەی 10 بۆ 15ی تەمموز، چوونە دەرەوە بۆ کارکردن، لە کاتی گەرمی زۆردا (کاتژمێر 11:00ی بەیانی بۆ 4:00ی دوای نیوەڕۆ کەم بکرێتەوە، هەروەها ئاو بە پلەی زۆر بخۆرەوە و جل و بەرگی لۆکە بەکاربهێنرێ.