ئەنجامی پشکنینەکان دەرچوو
ئاوی دوو بیری شارەزوور شیاوی خواردنەوە و بەكارهێنان نین
+964
بڕوا مەجید – شارەزوور
ماوەی هەفتەیەکە نموونە لە ئاوی ئەو دوو بیری ئاوی شارەزوور وەرگیراوە، کە گومان دەکرا نەوتی تێدابێت و تێکەڵ بە نەوت بووبێت، ئەمڕۆ ئەنجامی پشکنینەکان دەرچووە و دەرکەوت ئاوی بیرەکان شیاونین و نابێت بەکاربێن.
رزگار غەفور، قایمقامی قەزای شارەزوور، بۆ 964 وتی، “دوای ئەوەی ئاگادارکراینەوە لە بوونی رێژەیەکی زۆر لە چەوری و رۆن لە بیری یاریگەی یانەی شارەزوور، لیژنەیەکمان پێکهێنا دەرکەوت بیری باخچەی شەهید فایەق گەڵاڵیش وایە و هەمان کێشەی هەیە، دواتر لیژنەیەک لە کۆنتڕۆڵی جۆری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری سلێمانی رۆژی چوارشەمەی هەفتەی پێشوو هاتن و نموونەیان لە ئاوی بیرەكان و بیری دوو ماڵی نزیک یاریگەکەش وەرگرت، دوای هێنانەوەی ئەنجامی پشکنینەکان پێیان راگەیاندین ئاوی دوو بیرەکە بە مەبەستی خواردنەوە نابێ بەکار بهێنرێن و شیاو نین، هەرچی ئاوی بیری ماڵەکانە بێ کێشەیە و پاكە”.
وتیشی، ” بۆ ئەوەی زیاتر دڵنیابن ئایا ئەوەی لە ئاوی بیرەكاندا هەیە چییە، پێویستە لیژنەیەک لە بەرهەمە نەوتییەکانی پارێزگای سلێمانی پشکنینی بۆ بکەن، نووسراویان بۆ کردوون بێن بۆ پشکنینی بیرەکە، بەڵام هەفتەیەک تێپەڕیوە هێشتا نەهاتوون،
قایمقامی قەزای شارەزوور باسی ئەوەی كرد، بە بڕیاری دادوەر ئێستا بەکارهێنانی دوو بیرەكە راگیراوە و لەمەودوا نابێ بۆ هیچ مەبەستێک بەکار بهێنرێن، فەرمانگەی ئاویشمان ئاگادارکردووەتەوە لە بیری بیرەکان ئاو بۆ یاریگەکە و پارکەکە دابین بکات.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا