تورکمان پۆستێکى دەوێت

پردێ؛ خۆپیشاندان کۆتاییهات و سێ رۆژ وەک مۆڵەت دیاریکرا

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

خۆپیشاندانەکەى پردێ کۆتاییهات و بڕیاردرا بە پێکهێنانى لیژنەیە کە لە ماوەی سێ رۆژدا پرسی دانانی سەرۆکی نوێی شارەوانیی پردێ و پۆستە ئیدارییەکانی دیکە یەکلایی بکاتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، لایەنگرانى بەرەى تورکمانى لە ناحیەى پردێ گردبوونەوە و داوایانکرد، یەکێک لەوسێ پۆستە (بەرێوەبەرى ناحیە، شارەوانى یان پۆلیس)، بدرێت بە پێکهاتەى تورکمانى.

دواتر سەرۆکى لە بیناى بەڕێوەبەرایەتى ناحیە، لایەنە پەیوەندیدارەکانى ناحیەى پردێ و سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک و ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق، لەسەر ئەو پرسە کۆبوونەوە و لە دەرەوەش خۆپیشاندەران چاوەڕێى ئەنجامى کۆبوونەوەکە بوون.

ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەسەر لیستی بەرەی تورکمانی، بە 964ـی وت،” لە کۆبوونەوەکەدا داواکاریی خۆپیشاندەرانمان بەرزکردەوە کە دەبێت هاوسەنگی لە دابەشکردنی پۆستە ئیدارییەکانی شارەکە پەیڕەو بکرێت و پۆستەکان بە رێژەی 32% بەسەر نەتەوەکاندا دابەش بکرێن”.

” لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا لیژنەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەن پێکبهێندرێت و لە ماوەی سێ رۆژدا پرسەکە یەکلا بکاتەوە، هەروەها نووسراوی دەستبەکاربوونی سەرۆکی شارەوانیی نوێی پردێ رابگیرێت”. ئەحمەد رەمزى واى وت.

لەلایەکی دیکەوە، محەمەد مەهدی حافز، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، لە کۆبوونەوەکەدا بە خۆپیشاندەرانی وتووە، نوێنەرەکانیان هۆکاری کێشەکەن، چونکە بایکۆتی دانیشتنەکانی ئەنجومەنیان کردووە.

محەمەد مەهدی حافز
“بۆئەوەی راستگۆبین لەگەڵتان، هیچ بڕیارێک لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، بەڵام دەتوانین داوا لە وەزارەتی شارەوانی بکەین کار بەو نووسراوە نەکات تاوەکو کێشەکە یەکلایی دەبێتەوە.”

لە ئێستادا هەریەک لە پۆستەکانى بەڕێوەبەرى ناحیە و بەڕێوەبەرى شارەوانى و بەڕێوەبەرى پۆلیسى پردێ لاى کوردن، بڕیاربوو بەڕێوەبەرى شارەوانى بگۆڕدرێت و کوردێکى دیکە جێگەکەى بگرێتەوە، بەڵام پێکهاتەى تورکمانى لەو ئاڵوگۆڕە ناڕازین و دەڵێن: مافى خۆمانە یەکێک لەو سێ پۆستەمان لابێت، هەربۆیە لە ئێستادا ئاڵوگۆڕ لە پۆستى بەڕێوەبەرى شارەوانیى پردێ، راگیراوە تا یەکلایى بوونەوەى ئەو پرسە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

بەرەى تورکمانى لە پردێ؛ یەکێک لە پۆستەکانى کوردیان دەو...

بەرەى تورکمانى لە پردێ؛ یەکێک لە پۆستەکانى کوردیان دەوێت