زبڵ و خاشاکیش کێشەیەکی دیکەیە
گۆڕ و ماڵەکانی گەڕەکێکی هەولێر تێکەڵ بوون
+964
دەشتی عارف ـ هەلێر
بڵاوبوونەوەی زبڵ و خۆڵ و خاشاک لەلایەک و تێکەڵبوونی خانوو و گۆڕستانەکان لەلایەکی دیکە، بووەتە سیمای گەڕەکی کارێزان لە هەولێر، شارەوانیش دەڵێت، چیتر مۆڵەت بە دروستکردنی خانوو لەو گەڕەکە نادەن.
دوو گۆڕ کەوتوونەتە ناو یەکێک لە پارچە زەویەکانی گەڕەکەکە، جیا لەوەش پیسی و پاشماوەیەکی زۆر فرێدراوەتە ناو گۆڕستانەکە و بەشێکی گۆڕستانەکە بووە بە زبڵدان بەهۆی ئەو پاشماوانەوە.
تریفە نەجات، بەڕێوەبەری شارەوانیی شەش بە 964ـی وت، “گۆڕستانەکان سنوری خۆیان هەیە و کەس بۆی نییه لە سنوری گۆڕستان زیادەڕەوی بکات، بەدواداچوون دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی تێکەڵبوونی ئەو دوو گۆڕەی کەوتوونەتە سەر پارچە زەوییەک، لە ئێستاشدا مۆڵەت دان بە دروستکردنی خانوو وەستاوە و هیچ خانوویەک دروستناکرێت”.
بەهۆی ئەوەی لە کۆندا هەر گوندە و گۆڕستانی تایبەت بەخۆی هەبووە، بۆیە ژمارەی گۆڕستانەکان لەو سنوورە زۆرن، بەشێک لە گۆڕەکان بۆ سەروو 100 ساڵ دەگەرێنەوە و تێکەڵبوونیان بە شوێنی نیشتەجێبوون، کێشەی بۆ هاوڵاتیان دروستکردووە.
ژیار جەلال، بەڕێوەبەری فەرمانگەی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێریش بە 964ـی وت، “بەهۆی زۆری گۆڕستانەکان، ناتوانین سیاج بۆ هەموویان دروستبکەین، چونکە تێچوویەکی زۆری دەوێت و ئێستاش هیچ بودجەیەکی وا لەبەر دەست نییه بۆ دروستکردنی سیاج”.
پێداچوونەوە: هاوبەش