بەهۆی شەڕەوە

کارکردن بۆ کەمکردنەوەی رسوماتی هاتن و چوونی ئۆتۆمبێلی تایبەتی هاوڵاتیان راوەستاوە

+964

کامیار کەمال- پێنجوێن

ماوەی رابردوو لە سەردانی پارێزگارەکانی کوردستان بۆ رۆژهەڵات و ئێران، هەوڵدرا بۆ کەمکردنەوەی ئەو پارەیە کە هاوڵاتی بە ئۆتۆمبێلی خۆیانەوە بچێنە وڵاتی ئێران و بە پێچەوانەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی شەڕەوە کارەکان وەستاون.

شاخەوان بەکر بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی باشماخ بە 964ی راگەیاند، رێکەوتنێک هەبووە لە نێوان هەردوولادا بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیە کەمبکرێتەوە لەسەر هاوڵاتیانی ئێران و کوردستان، لە کاتی هێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان، بەڵام بەهۆی شەڕەوە کارکردن لەسەر ئەو بابەتە  ئێستا وەستاوە.

وتیشی، باسی بڕە پارەکە نەکراوە تا دیاریی بکرێت، بەڵام ناشتواندرێت سفر بکرێتەوە و هیچ بڕە پارەیەک وەرنەگیرێت، تەنیا ئەوەیە بڕەکە کەم بکرێتەوە و ئەوەش لە داهاتوودا دیاریی دەکرێت، کاتێک کاری لەسەر کرایەوە.

“ویستومانە و سەرقاڵی ئەوە بووین کار لەسەر بابەتە بکەین، بەڵام بەهۆی شەڕەوە وەستاوە و لەو کاتەشەوە بابەتە وەستاوە و هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە، ئێستا هەر هاوڵاتییەک بیەوێت ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی ببات ئەوا وەک رابردوو بۆ هەر مانگێک 250 دۆلاری لێ وەردەگیرێت” شاخەوان بەکر وای وت.

گومرگی باشماخ پێنج رۆژ باری ترانزێت بۆ فیشخابوور رادەگ...

گومرگی باشماخ پێنج رۆژ باری ترانزێت بۆ فیشخابوور رادەگرێ

شاخەوان بەکر وردەکاری زیاتری بۆ 964 خستەڕوو، باسی لەوە کرد، رسوماتەکان بە مانگە بۆ ئۆتۆمبێل و یەک مانگ و سێ مانگ و شەش مانگ و ساڵییە، بۆ هەر مانگێک بڕی 250 دۆلار دیاریی کراوە.

دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ لە سنووری قەزای پێنجوێنە و دەروازەیەکی گەشتیاری و بازرگانییە و پێنجوێن و مەریوان پێکەوە دەبەستێتەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا