سەربازێک لە خورماتوو
لە جامی ئۆتۆمبێلەکەی کەوتە دەرەوە و گیانی لەدەست دا
+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
سەربازێکی سوپای عێراق کە دانیشتووی قەزای خورماتووە لە کاتی رۆیشتنی بۆ دەوام، درەنگانێکی شەوی رابردوو لە ناوچەی زەرگەی خۆرئاوای خورماتوو تووشی روداوێکی هاتوچۆ بووە و گیانی لەدەستداوە.
عەمید موئەیەد عەباس، بەڕێوەبەری هاتوچۆ دەرەکییەکانی سەڵاحەدین بە 964ـی وت، “رووداوەکە درەنگانی شەوی رابردوو روویداوە، شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆپڵ فیکترا، لە خورماتووەوە بەرەو سەڵاحەددین رۆیشتووە و لە ناوچەی زەرگەی خۆرئاوای خورماتوو، بەهۆی تیژڕەوی و تاریکیی رێگاکەوە خۆی بە ستوونێکی کارەبادا کێشاوە و کۆنتڕۆڵی لە دەستداوە و وەرگەڕاوە، لە کاتی وەرگەڕاندا شۆفێرەکە لە جامی ئۆتۆمبێلەکەوە کەوتووەتە دەرەوە و گیانی لەدەستداوە.
وتیشی، شۆفێرەکە پیشەی سەرباز بووه لە نێو سوپای عێراق، ئەمشەو لە خورماتووە ویستویەتی بچێتەوە بۆ دەوامەکەی و گیانی لەدەستداوە.
پشتیوان عەبدوڵا، ئامۆزای ئەو سەربازەی تووشی رووداوەکە بووە، بە 964ـی وت، “ئامۆزاکەی ئەمشەو خۆی ئامادە کرد بچێتەوە بۆ دەوام، بەڵام مەرگ رێگەی لێ گرت و بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەست دا.
وتیشی، هەر دوای رووداوەکە لەلایەن هاتوچۆکارانی سەر رێگاکە، تەرمەکەی رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک کراوە، بڕیارە دوای لێکوڵینەوە و توێکاری پزیشکی، ئەمڕۆ تەرمەکەی رادەستی خێزانەکەی بکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئامۆزاکەی ناوی “محەمەد كەریم”ە، تەمەنی 47 ساڵە و خێزاندارە و خاوەنی منداڵێکە، دانیشتووی گەڕەکی برایەتی خورماتووە و لە سوپای عێراق سەرباز بووە و دەوامەکەی لە پارێزگای سەڵاحەدین بووە”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا