راستەوخۆ دەخرێتە سەر هەژمارەكەیان

بڕی 500 ملیار دیناری دیكە بۆ جوتیاران خەرج دەكرێت

964+

محەمەد فاتیح

پێدەچێت ئەمساڵ ماندوبوونی جوتیاران بە هەدەر نەچێت و بۆ ساغكردنەوەی گەنمەكانیان بڕیاردا 500 ملیار دیناری تریش وەك شایستە بۆیان خەرج بكرێت.

ئەسیر داود غرێری وەزیری بازرگانی عێراق بڵاویكردەوە دەستكراوە بە پێدانی گوژمەی سێیەمی شایستەكانی جوتیاران بۆ بە بازاڕکردنی گەنمەكانیان بۆ وەرزی 2025، بە دابینكردنی بڕی 500 ملیار دینار.

وتيشى، “ئەو بڕە پارانەی کە دەست بە دابەشكردنیان كراوە شایستە داراییە جێگیركراوەكانی جوتیارانە و لەلایەن کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵە پەسەندکراون و نێردراون بۆ وەزارەتی دارایی بۆ خەرجکردنيان”.

“خەرجکردنی شایستەكان بەپێی رێکارە داراییە پەسەندکراوەکان ئەنجام دەدرێن و راستەوخۆ بەبێ هیچ دواکەوتنێک دەخرێنە سەر هەژماری جوتیاران”.

رۆژی 11.6.2025 حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای دانەوێڵەی بازرگانی عێراق لە  لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە سلێمانی وتی، تا ئێستا سێ ملیۆن و 600 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی عێراق وەرگیراوە و هەوڵ دەدەین تەواوی گەنمی جوتیارانی ئەمساڵ وەربگرین، کە هەروەک پێشبینی دەکەین بەرهەمی ئەمساڵی گەنم زیاتر بێت لە چوار ملیۆن تۆن.