ئەم ئێوارەیە
لە فڕۆکەخانەی سلێمانی گەشت ئاسایی بوویەوە و فڕۆکەیەک فڕی
964+
ئەحمەد مستەفا
گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەستی پێکردەوە، ئەوەش دوای بڕیاری کردنەوەی ئاسمانی عێراق بەڕوی جوڵەی فڕۆکەوانیدا.
ئێوارەی ئەمڕۆ 25.6.2025، یەکەم گەشتی فڕۆکەوانی لەلایەن هێڵی ئاسمانی عێراقیەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و بەپێچەوانەوە ئەنجام درا.
فڕۆکەخانەکە لە بڵاوکراوەیەکدا کە بۆ 964ی ناردووە دەڵێت، وابڕیارە هێڵە ئاسمانییەکانی تریش بەپێی پلانی خۆیان دوایی رێکخستنەوەی خشتەی گەشتەکانیان، گەشتە ئاسمانییەکانیان دەستپێبکەنەوە.
بەهۆی جەنگی ئێران و ئیسرائیلەوە، لە 13ی حوزەیرانەوە هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان راگیران.
پێشتر، دیلان رەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای داخستنی ئاسمانی عێراق بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە، لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا 1283 گەشت لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی هەڵوەشاونەتەوە.
ئەم گەشتانە یەک ئاراستە نین، بەڵکو گەشتی چوون و هاتن دەگرێتەوە، واتە ئەو گەشتانەی لە ناوەوەی وڵات بۆ دەرەوە بووە و بە پێچەوانەیشەوە، هەڵوەشێندراونەتەوە.