خەرجییەکان کەم دەکرێنەوەو نەسریە دەبڕدرێت
چوارشەممە حکومەت لە بارەی دابەشکردنی موچە بڕیار دەدات
+964
وریا فەتاح
حکومەتی هەرێم لە بەغدا بێهیوا بووە، هەموو شتێک بەرەو ئەوە دەچێت رۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێک لە بارەی دابەشکردنی موچەوە بدرێت، ئەگەر پارەکە بەشی ئەوە بکات ئەوە موچەیەک دەدرێت، بەڵام نازانرێت موچەی تەواوە یان بە لێبڕینەوە.
دوو سەرچاوەی باڵا کە ئاگایان لە گفتوگۆکانی ناو حکومەتە لەسەر موچە ئەم زانیارییانەیان بە 964 وت: بەرەو ئەوە دەچێت ئەم هەفتەیە ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەدا، ژمارەیەک بڕیاری چارەنووسساز لە بارەی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و دابەشکردنی موچەوە بدات، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە هەرێمی وتووە “خۆتان خەمی مووچە بخۆن”.
وردەکاریی بڕیارە چاوەڕوانکراوەکان
هەردوو سەرچاوەکە دەڵێن ئەمڕۆ هەندێ قسەو باس کراوە و لە وەزارەتی دارایی کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرەکان و تیمە پەیوەندیدارەکان هەبووە، سبەینێش لە ناو حکومەت هەندێ گفتوگۆی تر دەکرێت، ئەگەر هیچ شتێک نەگۆڕێت ئەوا بڕیارەکان بەم شێوەیە دەبن:
یەکەم: کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان
بڕیادەدرێت بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان، راگرتن یان سنووردارکردنی بودجەی پڕۆژە و شاندی فەرمی (ئیفاد).
دووەم: راگرتنی نەسریەی وەزیر و پلە باڵاکان
بەپێی زانیارییەکانی دوو سەرچاوەکە بۆ 964 لە سبەینێ سێشەممەوە نەسریە و پێشینەی ئیفادی وەزیرەکان رادەگیرێت یان زۆر سنووردار دەکرێن.
سێیەم: دابەشکردنی موچەیەک
دوای تاوتوێکردنی ئەم رێکارانە، ئەگەری بەهێز ئەوەیە لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەسەر دابەشکردنی موچەیەک بدات بەپێی ئەو داهاتەی لەبەردەستە.
بەوتەی سەرچاوەکان، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە بەرپرسانی هەرێمی وتووە: “چاوەڕێی ناردنی مووچە مەبن و دەبێت خۆتان خەمی بخۆن”.
یەکێک لە سەرچاوەکانی 964 وتی: بژاردەیەک ئەوەیە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیار بدرێت موچەکە بە لێبڕینەوە دابەش بکرێت، بەڵام سەرچاوەکەی دیکە ئەم زانیارییەی پشتڕاست نەکردەوە.
موچە
چارەنووسى موچەکان؟
تەمەنى 2025؛ سێ موچە و 23 رۆژى ماوە
بەهۆی نزیکبوونەوەی لە کۆتایی ساڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووری خەرجییەکانی بۆ ساڵی 2025 راگرت
فەرمانبەرەکان دوو موچە وەردەگرن
موچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لە فەرمانبەران دابەش دەکرێت
شەش موچە و مافی دارایی سێ ساڵیان وەرنەگرتووە