"داوای بەهاناوەچوون دەکەن"
دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 26جوتیاری کورد دەرکردووە
+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لەلایەن دادگای خورماتووەوە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 26 جوتیاری کوردى گوندی تەپەسەوز دەرچوو کە بەهۆی ئەو گرژیانەی دوێنی لەنێوان ئەوان و عەرەبی هاوردەو هێزەئەمینەکان روویدا.
شەماڵ کاکەخان، یەکێک لەو جوتیارانەی تەپەسەوز بە 964ـی وت، “بەھۆی ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی دوێنێ لەنێوان جوتیارانی ناوچەکە و عەرەبی ھاوردە روویدا، لەئێستادا دادگای خورماتوو فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 26 جوتیاری گوندەکەمان دەرکردووە کە بەشێکیان براو ئامۆزاو کەسوکاری خۆمن و نازانین لە چی کاتێکدا ھێزە ئەمنییەکان ھەڵدەکوتنە سەرمان و دەستگیرمان دەکەن”.
دەشڵێت: داوا دەکەین لە بەرپرسان و لایەنە کوردییەکان چیتر بێدەنگ نەبن و بەھانامانەوە بێن و ھەڵوێست وەربگرن.
وەک باسى دەکات، فەرمانى دەستگیرکردنەکە بۆ ئەوەیە پەنجەمۆریان لێوەربگیرێت و زەوییەکانیان لێ وەربگیرێتەوە، واتا بە مەرجى پەنجەمۆرکردن کە بەمەبەست لێى وەرگرتنەوەى زەوییەکانە، ئینجا ئازاد بکرێن.
“ئەگەر لەماوەی دوو رۆژدا خۆمان رادەست نەکەین ھێزی ئەمنی ھەڵدەکوتێتە سەر گوندەکەمان و دەستگیرمان دەکات”، شەماڵ کاکەخان واى وت.
لاى خۆیەوە حەسەن گەرمیانی، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی سەڵاحەدین و نوێنەری جوتیارانی خورماتوو بە 964ـی وت،”دوێنی دوای رووداوەکە هێزێکی حەشدی شەعبی ویستویانە هەڵبکوتنە سەر جوتیارانی گوندەکە، بەڵام وەکو لایەنە کوردییەکان دەستێوەردانمان کردوەو رێگریمان لێکردوون”.
روونیشى کردەوە کە ئەمڕۆ چووەتە سەڵاحەدین بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە.
حەسەن گەرمیانى داواش دەکات، جوتیارانى کوردیش وەک بەرگرییەک ئەوانیش بچن سکاڵاى خۆیان تۆمار بکەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح