شارەوانی کەرکوک فریای هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاکی شارەکە ناکەوێت

964+
کاروان ستار – كەركوك

سەرۆکی شارەوانی کەرکوک دەڵێت، گرفتیان زۆرە و فریای کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکی تەواوی شارەکە ناکەون، رۆژانە لە کۆی هەزار و 100 تۆن زبڵ، تەنیا فریای هەڵگرتنەوەی 850 بۆ 900 تۆنی دەکەون.

واتا نزیکەی 200 تۆن خاشاک دەمێنێتەوە بۆ رۆژی دواتر و بەوەش ژینگەی شارەکە به‌ره‌و شێواوى ده‌چێت.

خۆڵ و خاشاكی فرێدڕاو هاوڵاتیان شارەكەی تەنیوە، شارەوانیش لە توانایدا نییە كۆیبكاتەوە بەهۆی نەبونی بودجەی پێویست.

بە قسەی شارەوانی، جاران بودجەی مانگانەیان یەک ملیار و 200 ملیۆن دینار بووە، ئێستا بووەتە تەنیا 200 ملیۆن دینار.

نازەنین رەحمان دانیشتووی گەڕەكی پەنجاعەلی کەرکوکە، بە تۆری 964ی وت، رۆژانە زبڵ و خۆڵ و خاشاكێكی زۆر فڕێدەدرێت، هەفتەی یەكجار یان دوو هەفتە جارێك شارەوانی دێت هەڵیدەگرێتەوە، وتیشی “باشە بۆ گەڕەكە عەرەبییەکان بەو شێوەیە نین؟ پاك و خاوێنن. تەنیا گەڕەكە کوردییەکان زبڵ و خۆڵ و خاشاكی لێ كۆبووەتەوە”.

رۆستەم كامیل دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکی پەنجاعەلیە، بە تۆڕی 964ی وت، پێشتر ماڵی لە كۆتایی پەنجاعەلی بووە، فرۆشتوویەتی و هاتووەتە سەرەتای گەڕەکەکە، کەچی هەروەکو یەک وایە و جیاوازی نییە لە کۆبوونەوەی خۆڵ و خاشاک.

لە لایەکی دیکە، ئەندازیار فەرەیدون عادل، سەرۆكی شارەوانی كەركوك بە تۆڕی 964ی راگەیاند “ئێمە بەهیچ شێوەیەك جیاوازی ناكەین لەنێوان گەڕەكەكان، بۆ ئێمە هەمووی وەكو یەكە، بەڵام گرنگە هاوڵاتیان ئەوە بزانن كە شارەوانی كەركوك تاكە شارەوانییە لەسەر ئاستی عێراق كە بودجەی هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاك راستەوخۆ لەسەر وەزارەتی داراییە نەك شارەوانی، ئەوەش بەهۆی ئەوەی گواستنەوەی دەسەڵات نەكراوە”.

“لە ساڵی 2020 نووسراوێكمان بۆ هات لە لایەن وەزارەتی دارایيەوە كە بڕە پارەکە كرا بە تەنیا 200 ملیۆن دینار، واتە لە شەش بەش، یەک بەشی ئەو پارەیە مایەوە کە پێشتر هەبوو بۆ شارەوانی”، ئەندازیار فەرەیدون عادل وای وت.